دیموکراسیی شۆمپێتێری و دیموکراسی کۆمیناڵ
10/2/2019 12:26:00 PM
بابان بریزی
"دیموکراسی ، بە پێی ڕای
شۆمپێتێر ، سیستمێکی سیاسی نەتەوەییه کە لەودا خەڵک و حزبەکان و گروپە سیاسییەکان
بە ئازادی و بە پێی کێبڕکێی یاسامەند و هێمن ، دانوسان لە گەڵ یەکتری دەکەن و
هاوکاری یەکتری دەکەن ، هەروەها بە دوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن ، هەروەها بڕیاری
سیاسیش لە لایەن کە سانێکەوه دەدرێت کە لەسەر
بنەمای دەنگی خەڵک و لە پرۆسەی کێبڕکێیەکی هەڵبژاردندا بە دەسڵات گەشتون"
من وەکو خۆم ئەم پێناسەم وەکو پێناسەیەکی
گونجاو پەسەند نییه بۆ چەمکی دیموکراتی، چونکه ئەمه پێناسەیەکی سەرمایەدارییه و دیموکراتی
بە سیستمی دەوڵەت نەتەوەوه گرێداوە، بۆچی ئەم پێناسەیه جێی پەسەندی من نییه؟ بۆ پێناسەیەکی
وا ناتوانێت گوزارشتێکی تەواو بکات لە دیموکراسی ڕاستەقینه؟
بەڕای من دیموکراسی ئەگەر دەسڵاتی گەل بێت
نایەتەوه لە گەڵ سیستمێکی نەتەوەییدا کە مافی خۆسازدان و مومارەسەی دەسڵات و خۆڕێکخستنی
یاسامەند بداتە ئەتنیکێکی دیاریکراو و ئەتنیکەکانی تریش فەرامۆش بکات ، چونکه چەمکی
گەل بەرینترو فراوانتره لە نەتەوه، گەلێک دەکرێ لەخۆیدا چەندانه نەتەوه کۆ بکاتەوه.
هەرچی پەیوەندیشی بە بابەتی یاسامەندییەوه هەیه
ئەگەر سیستمی سیاسی وڵات سیستمێکی نەتەوەیی بێت ئەوا لەودا سەر لەبەری یاساکان لە
بەرژەوەندی سیستمی دەوڵەت ـ نەتەوە و نەتەوەی سەردەستدا دەنوسرێن و هیچ نرخدانانێک
بۆ نەتەوه بندەستەکان لە گۆڕێدا نابێت ، بۆیە تایبەتمەندی یاسامەندی بۆ سیستمێکی سیاسی
نەتەوەیی هیچ نرخێک نادات بە دیموکراتی بونی.
بە گوێرەی ئەم پێناسەیەی شۆمپێتێر ، کێبڕکێی
ئازادانەو یاسامەندو هێمنانە لە سیستمی دەوڵەت ـ نەتەوەدا تەنها مافی نەتەوەی سەردەستە
و گەل وەکو بونیادێکی فره نەتەوه هەمو تاک و گروپ و پارتێکی مافی خۆڕێکخستن و سیاسەتکردن
و خۆ بە ڕێوە بردنی نادرێتێ،وە هەروەها هەمو تاکەکانی گەل و هەمو گروپ و پارت و ئەتنیکە
جۆراوجۆرەکانی گەل ناتوانن بە دوای بەرژەوەندی سیاسی و ستراتیژی خۆیاندا بگەڕێن،
چونکه یاسا ئە و مافەی بە نەتەوە داوه نەک گەل، وه لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا
گەلان لە نەتەوەی جۆراو جۆر پێکدێن ، جا بە گوێرەی وەها پێناسەیەک بێت ئەوه بێبەشکردنی
زۆرێک له نەتەوەکان لە بەشداری سیاسییاندا لە ڕێگەی دیموکراتی سەرمایەدارییەوه بە
سیستم کراوه.
خاڵی پۆزەتیف لە پێناسەکەی شۆمپێتێردا بۆ چەمکی
دیموکراسی ئەوەیه کە ئەو سیستمی دیموکراسی گرێداوه بە شەرعیەتی هەڵبژاردنەوه، ئەو
ئاماژە بۆ ئەوه ئەکات کە لە سیستمی دیموکراسیدا بڕیاری سیاسی دەبێت لە لایەن کەسانێکەوه دروست بکرێت کە لەسەر بنەمای دەنگی
خەڵک و لە پرۆسەیەکی کێبڕکێی هەڵبژاردندا
بە دەسڵات گەشتبن، هەرچەنده لێرەشدا ئاماژە بۆ ئەوه نەکراوه کە ئاخۆ لە پرۆسەی کێبڕکێکەدا تا چەنده پێگیری دەکرێت لە کێبڕکێیەکی دیموکراسیانه
بە واتا کۆمیناڵەکەی، وە ڕونیشه کە دیموکراتییەکه
تە نیا بۆ نەتەوەی سەردەسته ، چونکه دەستپێکی پێناسەکه دیموکراسی بە سیستمێکی سیاسی
نەتەوەیی دەناسێنێت.
کەواته پێناسەکەی شۆمپێتێر بڕێکی زۆر کۆمەکی
بە ئەو سیستمه قەمعی و نەتەوەیی وشۆفێنییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کردووه کە خۆیان بە
سیستمی سیاسی دیموکراتی دەناسێنن.
بەمجۆره شۆمپێتێر دیموکراتی لە شاڕێی خۆی
دور دەخاتەوە و بە تولە ڕێی کاپیتالیزم و مۆدێرنێتە نگریسەکەیدا دەیبات کە یەکێک لە
میکانیزمەکانی میللیگەراییه، میللیگەرایی و دەوڵەت نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە
خۆیان وەکو نمونەی هەرە باڵای دیموکراسی مانیفێست دەکەن بەم پێودانگە ئاوا کراون،
چونکە دروستکردنی سیستمێکی دیموکراتیک و فەراهەمکردنی ئازادی و ماف بۆ نەتەوەیەکی
دیاریکراو واتای پوچکردنەوەی چەمکی دیموکراتییه لە گەوهەرو کرۆکی خۆی.
ئێمە لێرەدا نمونەی دەوڵەتێکی وەکو کۆماری
تورکە ڕاونراوەکانی ئەنادۆڵ دێنینه بەر باس، لەماوەی نۆ دەیەی فەرمانڕەوایی لە ناو
کۆماری تورکیادا کار لەسەر ئەم پێناسەیه
کراوه، دیموکراتی کاڵایەک بووه تەنیا بڕاوه بە باڵای نەتەوەی تورکدا، هەر ئەوان
بون کە مافی خۆ سازاندن و خۆ ڕێکخستن و پارت و گروپ دروستکردنی بێ سانسۆر و بێ بەربەستیان
هەبووه، ئەم نمونەیەش بە درێژایی نۆ دەیە زیاتر پشتیوانی لێکراوه لە لایەن سۆپەر
پاوەرێکی وەکو ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاواوه ، بۆیە پێتان سەیر نەبێت کە له ناو سیستمی
دیموکراتی کاپیتالیزمکرد دا سکانداڵ و جەنۆسایدو تێکدانی ئیکۆلۆژیاو دەستکاری مێژوی
شارستانێت و تا دوایی لە نابوتی جێگەی دەبێتەوه!چونکه ئەوەیه ڕاستینەی سیستمی دیموکراتی
کاپیتالیستکرد.