588وتار

سەرەتای شۆڕشی راستەقینەو کرۆکی گرفتەکان

12/14/2019 3:15:00 PM
بابان بریزی


تا وتنەوەی دروشمی (نا بۆ رەگەزنامەی دووهەم) و دەستلەکارپێکێشانەوەی بەرپرسانی هەڵگری دوو رەگەزنامە؛ نەبێ بە ناونیشانی داواکانی خۆنیشاندەران، من بڕوام بەهیچ هاشوهوشێكی جادە نییە.

عێراق و کوردستانیش هەڵگرانی دوو رەگەزنامە وێرانیان کردوون.
ئەگەر لە دەستوردا بڕگەی رێدان بە هەڵگری دوو رەگەزنامە پێوەر بوبا، نەدەتوانرا لەناو شانزە ساڵدا لە عێراق و کوردستانەوە 686ملیار دۆلار ببرێتە دەرەوە.

ئەوەی شارەزایی لە ئابوریدا نەبێ، نازانێ بردنە دەرەوەی ئەو گوژمەیە چەندە زیانی بە ئابوری عێراق گەیاندووە.

ئەوەی سوسەکردنی بەهێز نەبێ نازانێ ئەو بەندی رێدان بە هەڵگرتنی دوو رەگەزنامە؛ چۆن و بەچی مەرام و بە فەرمانی کێ دانراوە.

ئەگەر بڕیار بێ، دەستور هەموار بکرێتەوە، دەبێ تەنیا ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێ كە دژی بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکانە.

هیچ هەڵگرێكی رەگەزنامەی دووەم شیاوی سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی وڵات و حزب و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی نییە، تاکە گرفتی گەورەی بەردەم هەموو هەنگاوێکی چاکسازی هەڵگرانی دوو رەگەزنامەن، دەبێ هەموو گۆڕانخوازو چاکسازیخوازو دادگەریخوازو یەکسانیخوازو نیشتیمانپەروەرو قانونسەروەرێك داخوازی یەکەمیان لادانی ئەو بڕگەیەی دەستوری عێراق بێ کە رێدەدات هاونیشتمانی عێراقی هەڵگری دوو رەگەزنامە بن، داخوازی بۆ ئەم بابەتە نیازی گۆڕین و چاکسازی ریشەیی نیشان دەدات.

تا ئەم بڕگەیە هەموار نەکرێتەوە لە دەستوری عێراقداو تا رەگەزنامە لە هەموو ئەو عێراقییانە وەرنەگیرێتەوە کە رەگەزنامەی دەرەوەیان هەیە، ئەم وڵاتە خوێنبەربوونی ئابورییەکەی بەردەوام دەبێت و سەرکردەکانی بە نیشتمانی خۆیانی نازانن، هەتا ئەم بڕگەیە پێچەوانە نەکرێتەوە سەرکردەکان چونکە زۆر ئاسان دەتوانن بڕۆنە دەرەوە بۆ چارەسەری خۆیان بیر لە پێشخستنی کەرتی لەشساغی ناکەنەوە، تا ئەم بڕگەیە پێچەوانە نەکرێتەوە کارگەو کارخانە لە وڵاتدا دروست نابن، تائەم بڕگەیە پێچەوانە نەبێتەوە بێکاری و هەژاری و برسێتی و دزی و گەندەڵی و بەرخۆری و ئابوری رێنتی بنەبڕ نابن.

تا بڕگەی هەڵگرتنی دوو رەگەزنامە لە دەستوری عێراقیدا هەموارو پێچەوانە نەکرێتەوە، ئەوا هەر گرگن و خێڵەکی و تائیفی و حزبییەکان و گەندەڵەکان و مافیاکان و نەخوێندەوارەکان و بازرگانەکانی خوێن و رەشەکوژکارەکان و کرێگرتەکانی وڵاتانی ناوچەو دەسیسەکانی وڵاتانی سەرمایەداری و نۆکەرەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دژ بە گەلانی جیهانی سێی خاوەن سامانی سروشتی لە عێراق و کوردستاندا باڵادەست دەبن، تا ئەو بڕگەیە هەموار نەکرێتەوە وڵات بێ دەریڤەی کارکردن دەبێ، ئەو کاتیش بەشێك لە گەنجەکان عزەتیان دەشكێ و ناچار دەبێ هەندێکیان ببنە پاسەوان و بەردەستی مافیاکان و ئەوانیش بەکاریانبهێنن بۆ مەرامی خۆیان، خەڵکیان پێ بکوژن و خەڵکیان پێ بترسێنن، باخیان پێ بکێڵن و سەگ و ئاژەڵیان پێ بەخێو بکەن، هەندێکێشیان ئیرادەیان دەڕوخێ و لەتاو بێکاری و نەداری و نادادی روو لە تاراوگە دەکەن و دوور لە نیشتیمان و ئازیزان دەژین.

بەشێكیشیان بێکارو کەسابەت دەمێننەوەو دەبنە چاخانەنشین و نێرگەلەخانە نشین؛ دواجاریش دەکەونە بەر ترسی کێشانی مەوادو هۆگرو ئالۆدەی تلیاك دەبن و دەبنە کڕیاری بازاڕی رەشی مەوادی بێهۆشکار؛ کە گومان دەکرێ هەر هەڵگرانی دوو رەگەزنامە لەپشتیەوە بن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن