667وتار

ئاواکردن و ئاوەدانکردنەوە

9/5/2019 2:55:00 PM
بابان بریزی

چۆن نۆستالۆژیای پشت بەستن بە چیاکان و پاڵپێوەدانیان  کاڵبکەینەوە و شاری نوێ و سەردەمی دروست بکەین?

لە هەمو دونیادا شارەکان و ژیارەکان لەسەر ڕۆخی زەریاو دەریاچەو گۆلاو و ڕوبارەکان دروست دەکرێن و دروست کراون, لە کوردستان دا نەبێ کە شارەکان  بەدرێژایی دیرۆك قونیان ناوە بە شاخەکانەوە!
ئەمە ڕەهەندێکی مێژویی هەیە, پشت بەستن و پشتنان بە چیاکانەوە و کەم بایەخ بینینی ڕوبارەکان لە کۆندا; دەرخەری نەتوانینی بەرگریکردن لەخۆو پێویست بون بووە بە چیاکان لە کاتی هێرشەکاندا, بە پێچەوانەشەوە دروستکردنی شارەکان لە پێدەشت و لە سەر ڕۆخە ئاوییەکان دەرخەری بونی ئیرادەیەکی هێز بووە, ئەو سەردەمە جەنگەکان کلاسیکی بونە و چیاش ; پەسێو و داڵدە بووە,لێ  لە ئێستایا کە جەنگەکان کلاسیکی نین;  دەبێت جێگەو شوێنی شارەکان بگۆڕدرێن و نۆستالۆژیای چیاکان کاڵ بکرێنەوە, (وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە) بگۆڕدرێت بە بە( وەزارەتی ئاوەدانکەرەوە),چونکە لە نێوان ئاوەدانکەرەوە و ئاوەدانکردنەوە دا کە لە فۆڕمدا نزیکییەکی زۆر هەیە,لێ لە کۆنسێپت دا  ئەو دو زاراوە زۆر دورن لە ڕوی واتاوە!
 ئاوەدانکردنەوە:  واتە دوبارە کارکردن لە شوێنێكی ئاوەداندا و جوانکردن و پەرەپێدان و باشتر کردنی:  خزمەتگوزارییەکانی - کۆڵانی -  ڕێگاوبانەکان -  بلوارەکانی و هتد.....
بەڵام ئاوەدانکەرەوە, واتە شوێنێكی چۆڵەوانی بکات بە شوێنی ژیان, دەکرێ( وەزارەتی ئاوەدانکەرەوە و ئاوەدانکردنەوە) دابمەزرێ, نەك  (ئاوەدنکردنەوە و نیشتەجێكردن) کەلەمەی دووەمدا  هەردو وشەکە یەك کۆنسێپت دەگرنەوە,لە ئەگەری دروستکردنی (وەزارەتی ئاوەدانکەرەوە و ئاوەدانکردنەوە)دا دەکرێت شار و شارۆچكە نوێ دروست بکرێن لەو شوێنانەدا  کە لەسەر ڕۆخی ڕوبارن, دەشتایین, ئاو بەسەریاندا زاڵە, ئاوو ئاوەدانییان وتووە,ئینجا ئەوکاتە ئەو شارە نوێیانە هەم سەوز دەبن ,هەم دەبنە شاری گەشتیاری, هەم شاری ڕازاوەش دەبن.
لە کوردستاندا دەیەها ڕوبار هەن کە بەناو دەشتایی و شوێنی دڵڕفێندا دەڕۆن, دەکرێت بیر لە ئەو جێگەیانە بکرێتەوە بۆ دروستکردنی شاری نوێ, لە سەرەتاشدا ئەو شارە بچوکە نوێیانە سەنتەری ئەو ناحیەیانەیان تێببرێ كە ئەو جێگە دەکەوێتە سنورەکەیانەوە,یاخود شارۆچکەیەکی وەکو تەقتەق یاخود کەلار یان دەربەندیخان و دوکانی خوارەوە کە لەسەر ڕوبارن لە ئێستادا  ,گەڕكی نوێیان بە دیزاینی نوێ لەناودا دروست بکرێت , بەجۆرێك لە ئەمبەرو ئەوبەری ڕوبارەکەوە بن, ئیتر نابێ تەنیا و تەنیا پارێزگاکان و سەنتەری شارە گەورەکان کە بونەتە شاری ملیەنی و شێرپەنجەیی; جێگەی بایەخ بن, ڕەنگە (وەزارەتی ئاوەدانکەرەوەو ئاوەدانکردنەوە)  لەم خولە و چەند خولی دیکەشدا نەتوانرێ دروست  بکرێت, بەڵام خۆ دەبێت ئەم خەونە بکرێت بە پڕۆژەو بخرێتە بەرنامەوە, بۆ ئەمەش ناناوەندبونی کارگێڕی  و دابەشکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەسڵاتەکان بەسەر دەرەوەی پارێزگاکاندا لە قۆناغی ئاواکردنی شاری نوێدا گرنگن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن