گرنگی دادگای فیدراڵی باڵا
3/15/2021 10:30:00 AM
د.لەتیف شێخ مستەفا
دادگای فیدراڵی
گرنگترین دەزگای دەستوری وڵاتە، ئەگەر دەستور گرنگترین و باڵاترین یاسای وڵات بێ و
ھەموو دەسەڵاتە باڵاكانی دەوڵەت پێویستە بەگوێرەی بڕگەو مادەکانی دەستور کار بکەن،
ئەوە لەو گرنگتر بەدڵنیاییەوە دادگای فیدرالیە یان دادگای دەستوری، چونکە دەستور ئەو
بڕگەو مادانە نیە کە لە دوتوێی بڕوانامەی دەستورەکەدا ھاتون بەڵكو ئەوەیە کە دادگای
فیدراڵی تەفسیری دەکاو مانای پێ دەبەخشێ، جگە لەوە دەتوانێ ھەر یاساو رێنمایی و رێوشوێنکی
فدرالی بەبیانوی سەرپێچی دەستورەوە « کە ھەرخۆی مانای پێ دەبەخشێ » ھەڵبوەشێنێتەوە.
ھەر بۆیە یەکێک
لەو رەخنانەی لە سیستەمە دیموکراتیە رۆژئاواییەکان دەگیرا لەلایەن فوقەھاکانی بلۆکی
رۆژئاواوە لە سەدەی ڕابردودا، ئەوەبو کە دەیانوت درۆیە دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمریکا
دیموکراتی نین وەک ئەوەی خۆیان بانگەشەی بۆدەکەن، چونکە بریاری کۆتایی بەدەست پەرلەمانی
نوێنەری خەڵک یان سەرۆکی ھەلبژێردراوی گەلەوە نیە، بەڵکو بەدەست کەمینەیەکی ئۆلیگارشیەوەیە
کە دادوەرانی دادگای دەستورین و ئەوانیش بەدامەزراندن پۆستەکانیان وەرگرتوە نەک ھەڵبژێردرابن
لەلایەن گەلەوە، وە بەتەوسەوە بە ئەمریکایان دەیانوت حکومڕانی دادوەران، وەک رەخنەگرتنێک
لەسیستەمی دیموکراتی رۆژئاوایی کە لە ھەمان کاتیشدا گرنگی دادگای دەستوری پیشان دەدا.
لە ئێستادا کە پەرلەمانی
عێراق لە ساتەوەختی تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵیدایە، قۆناغێکی یەکلایی کەرەوەو
مەترسیدارە بەتایبەت ئەگەر زۆرینەی شیعە بۆیان بچێتە سەرو فوقەھاکانی شەریعە « یان
راستتر فوقەھاکانی مەزھەبو لەوەش خراپتر حیزبی دینی » ببنە بریار بەدەست لە دادگاکەدا،
عێراق ئیتر بەرەسمی دەبێتە دەوڵەتێکی مەزھەبی.