وتار

لامەركەزیەت لە چنگی پارتی و یەكێتیدا...بەرەو پوكانەوەی یەكجاری

2/11/2021 1:31:00 PM 122 جار خوێندراوەتەوە
کاروان کازم

ململانێی ناجۆری نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم (پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی) تەواوی ژیانی لەهەرێمی كوردستان داپۆشیوە‌و بەیەكدادانی نێوان ئەم دوو هێزە كارێكی وای لێكەوتۆتەوە ویستی ئەوان مۆری داوە لە تەواوی سیستم و شێوازە ژیاریی و یاساییەكان. لەم نێوەندەدا سیستمی لامەركەزیەت بەهەردوو دیوە دیارەكەی خۆیەوە لە هەرێمی كوردستان بەدەست ئەم دوو حزبەوە گیری خواردووەو ئه‌م سیستمە گرنگەی حوكمڕانی كە پایەیەكی گرنگی دیموكراسیە رەنگ بۆی خۆی لەدەست داوە‌و هەرەیەك لەم دوو هێزە بە كەیف و ویستی خۆیان ناسنامەو پێناسەی ناقوڵای بۆدەكەن بەوجۆرەی كە خۆیان و بەرژەوەندییەكانیان دەیەوێت.

لامەركەزیەت لای پارتی:
ژینگەی ناوخۆی حزبایەتی لای پارتی دیموكراتی كوردستان ژینگەیەكی تەواو مەركەزی و پر دیسپلین و پەردەپۆشی بەلشەفییە، بۆیە مەنزوری ئەم هێزە بۆ كایەی حوكمڕانی هاوتەریب و وێنەدانەوەیە بۆ ژینگە حزبیەكەی خۆی كە سەرۆكی حزب و وەچەكانی مۆنۆپۆڵی تەواوی جومگەكانی ئۆرگان و بریاری حزبیان كردووە دەرئەنجامی ئەمەش ئەوەی لێدەكەوێتەوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە پشكی پارتیەو لەدەستی كوڕی سەرۆكی حزبی ناوبراوە هەتا پێی بكرێت دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران بەسەر یەكە كارگێڕی و بەرپرسی ئەو یەكانە تۆخدەكاتەوە و بەرەوای نابینێت بەشێك لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان بەپێی یاسا بەركارەكان دابەشی سەر یەكە كارگێڕییەكان بكات.
 زۆر بەسادەیی لامەركەزیەت لای پارتی ئەوەیە بەرپرسێكی  كارگێڕی گەورەو گرانی وەك پارێزگار دەسەڵاتەكەی بریتی بێت لە: كڕینی قرتاسیە بۆ فەرمانبەران یان پێدانی سوپاس و پێزانین و مۆڵەتی نەخۆشی....هتد لەرووی داراییشەوە پارێزگار نەسرییەكی دوو سێ ملیۆن دیناری لەبەردەست بێت.لەباشترن دۆخدا پارتی فشاری لێبكرێت بۆئەوەی سیستمی حوكمڕانی بكاتە ناسەنتەری ئامادەیی نیشان ئەدات زۆر بە كرچ و كاڵی بە پێرەو رێنمایی هەندێك دەسەڵات كە پێشتر لەناو یاسای بریارەكاندا هەبووەو بەخشراوەتە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان دووبارە گەرمی دەكاتەوە و دەرخواردمانی دەدات، بۆیە بە پێرەوو رێنمایش دەیكات بۆئەوەی هەركات ویستی بیكشێنێتەوە و هەڵیبوەشێنێتەوە.


لامەركەزیەت لای یەكێتی:
یەكێتی لەسەر ئاستی ئۆرگان و قاعیدەی جەماوەری لامەركەزیەتی پێخۆشە ئەمەش لەبەر چاوی كاڵی باشی سیستمی ناوبراو نیە، بەڵكو زیهنیەتی كادرو بەرپرسی ئۆرگانی ناو ئەو حزبە بەردەوام ئەو وێنەیە نمایش دەكات كە پارتی حاكمی موتڵەقی كوردستانە و مادامەكی پارتی لە زۆنی خۆی بكوژو ببڕە ناكرێت بەناوی حكومەت و سەرۆكی ئەو حكومەتەوە دەست بخاتە كاروباری ئەمدیوی دیگەڵەو زۆنی سەوزەوە ئەگەر باسكردنی دوو ئیدارەیەی بە ئاشكرا و ناراستەوخۆش باسنەكرێت بە لامەركەزیەت دەماری پارتی پێدەگرن و لەوەش زیاتر ناوبەناو ویستی دروستبوونی هەرێمی سلێمانی و مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد دێننە گۆڕێ.
ئەگەر چی یەكێتی تیمی خۆی لەسەر ئاستی ئەنجومەنی پارێزگاو پەرلەمان و میدیاكانی دنە دەدات بۆ وروژاندنی پرسی لامەركەزیەت، بەڵام ئەزمونی پێشوو پێمان دەڵێت: ئەگەر یەكێتی ئەوه‌نە بەرگریكاری سیستمی لامەركەزیەتە بۆچی كورترین هەنگاوی بۆ ئەو پرسە نەناوە لە رووی یاساییەوە رۆژێك لەرۆژان لە پەرلەمان لەسەر یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 ی پارێزگاكانی هەرێم بێتە جواب؟؟یان بۆ لەماوەی سی ساڵی شەراكەتی حوكمڕانی لەگەڵ پارتیدا رۆژێك نەمانبینی لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ پارتی تێك هەڵگیرێن؟ خواستەكانی یەكێتی بۆ لامەركەزی تەواو حزبین و جگە لە فشاری وەرزی و ناوبەناو هیچی لێ سەوز نەبوە.


گۆڕان وەك تاكە هیوای لامەركەزیەت
لەنێوان بەرداشی پارتی و یەكێتی بۆ تێكدانی سیستمی لامەركەزیەت و لەباربردنی ئەو سیستمە گرنگە بزوتنەوەی گۆڕان وەك تاكە هاوڕێی سیستمی لامەركەزیەت، پێ بەپێ لەگەڵ سیستمی ناوبراو رێدەكا و هەنگاوەكانی بەردەوامی هەیە. ئەم بزوتنەوەیە چ لەكاتی درەوشانەوەیدا كە پەیامی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتبوو چ دوای چوونە حكومەت و كەمبوونەوەی ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێستی نەگۆڕو بابەتیانەی لەمەڕ پرسی لامەركەزیەت هەبووە و بەروو و راشكاوی هڵوێستی خۆی گەیاندۆتە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار.
ئێستا گۆِران لەم دۆخە پر قەیرانەی هەرێم ئاڵای لامەركەزیەتی وەك یەكێك لە چارەسەرەكان داوە بەشانیدا و لەم هەوڵانەی چەند مانگی رابردودا لە كاتی كۆبونەوەی شاندی بزوتنەوەكە لەگەڵ پارتی و یەكێتی ئامادەیی نیشانداوە كە هەرهەنگاوێك بۆ بەرەو پێشچونی پرسی لامەركەزی هەرێم بنرێت بزوتنەوەكە پێشەنگ دەبێت ‌و بەكرداریش پرۆژەو پرۆپۆزەلی چڕو پڕی داوەتە هەردوو حزب كە كادرو ئۆرگانە باڵاكانی بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان ئەو پرۆژانەیان گەڵاڵە كردووە و بەرهەمی چەندین رۆژو كاتژمێر كاركردنیان بووە تەنها و تەنها لە پێناو كەوتنە سەرپێی ئەو پرسە.

لەنێوان ئەم سێ دیدە جیاوازەی پارتی‌و یەكێتی و گۆڕان بۆ پرسی ناسەنتەری لۆجیك پێمان دەڵێت حوكمڕانی چیتر بە مەركەزیەتی تۆخ و پۆلیسیانە بەرێوەنابرێت و هەرێم بەرەو لێكترازان و دووكەرت بوون دەبات بەهۆی نادادی جوگرافی و پەراوێزخستن و سزادانی ناوچەییەوە.لەهەمان كاتدا لامەركەزیەت پێوەر‌و ستاندارتێكی جیهانی خۆی هەیە باڵ باڵێنی حزبی‌و گوتاری پۆپۆلیستی و رقی حزبی سەری لێدەشێوێنت و ناسنامە راستەقینەكەی ون دەكات.
لامەركەزیەت دەبێت بە دەستور ویاسای مۆدێرن رێكبخرێت و هەڵبژاردن رۆح بكات بەبەری دەمار و خوێنەبەرەكانیدا و چاودێریش وەك دەرمانێكی سروشتی تەغزیەی بكات.

*ئەندامی ژووری یاسایی گۆڕان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement