ئیدارە سەربەخۆکان...ناوی بێ ناوەرۆک
7/28/2021 10:25:00 PM
کاروان کازم
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین بڕیاریدا لە دانیشتنی
رێککەوتی 28/7/2021 بڕیاریدا هەردوو قەزای( زاخۆو سۆران) بکاتە ئیدارەی سەربەخۆ
هاوشێوەی هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین کە پێشتر کرابوون.
بەسەربەخۆ ئیدارەدانی قەزاو ناوچەکانی هەرێم لەلایەن
حکومەتی هەرێمەوە کۆمەڵێک تێبینی یاسایی ورد هەڵدەگرێت و لەڕووی نفوزی سیاسی و دابەشکاری
کێرفی حزبیەوە جگە لە تۆخکردنەوەی قەڵەمڕەوی پارتی و یەکێتی شتێکی تر نیەو ناوی بێ
ناوەرۆکە و بارێکی قورس و زیادەیە لە پشتی سیستمی لامەرکەزی دەنرێت و مەبەست و مەغزای
تری لەپشتە.گرنگترین سەرنجە یاسایی و واقعیەکان بریتین لە:
یەکەم: دەستوری عێراقی هەمیشەیی ساڵی 2005 لە مادەی 116
بەدەق دیاریکردووە کە هەیکەلیەتی ئیداری سیستمی ئیتحادی لە کۆماری عێراق دابەش دەبێ
بۆ پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزییەکان
و یەکە ئیدارە خۆجێیەکان.حکومەتی هەرێم لەسەر چ بنەمایەکی دەستوری و یاسایی بەرگ
بۆ ناوهێنان و بونیادی ئیدارەی سەربەخۆ دەدۆزێتەوە؟؟.بۆیە ئیدارەی سەربەخۆ تەواو
رەهەندی نادەستوری هەیە لەسەر ئاستی عێراق و بەم پێیەبێت حکومەتی بەغداد هەروەک چۆن
هەتا ئێستا ئامادەنیە مامەڵە لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکات کە بنەمای یاساییشی
هەیە نەخاسمە مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆبکات؟!.
دووەم: ئیدارەی سەربەخۆ لەدەرەوەی میکانیزمی پێکهێنانی یەکەئیدارییەکانە
لەناو یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاکانی هەرێم، چونکە یاسای ناوبراو یەکەی
کارگێڕی حەسرکردووە بە(پارێزگا، قەزا، ناحیە).
سێیەم: لەرووی واقعیەوە پارێزگارو بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکانی
ئەو ناوچانەی دەکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ لە پرسی تەمویل و پارەدرکردن و پێدانی دەسەڵاتەوە
تووشی ئاریشە دەبنەوە، بەنموونە پرسی پترۆدۆلار و دیاریکردنی پشکی ئەو یەکە ئیدارییانە
جگە لە بەش بەشێنەی حزبی پێوەری تری بۆ نامێنێتەوە لەسەر ئاستی سەروو خۆیان کە پێشتر
هەیانبووە.
چوارەم: ئەزموونی رابردووی بە سەربەخۆکردنی ئیدارەکانی
راپەرین و گەرمیان سەلماندویەتی ئەو بابەتە لەبەر خاتری سیستمی لامەرکەزی نەکراوەو
دۆخی ئەو ناوچانەی بەرەو باشبوون نەبردووە لەڕووی خزمەتگوزارییەوەو دانیشتوانەکەی
سوودمەندنەبوون و تەنانەت بە پارێزگابوونی قەزایەکی وەک هەڵەبجەش ناوی بێ ناوەرۆک
بووە.
ڕوئیای بزوتنەوەی گۆڕان بەوجۆرەیە لەبری ڕاگەیاندنی سەربەخۆی
ئیدارەکان دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی زیاتر بە یاسا بدرێتە پارێزگاو قەزاو ناحیەکان
و بە دادپەوەری و دوور لە ستەمی جوگرافی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە مامەڵەیان لەگەڵ
بکرێت.
▪️ئەندامی ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان