سێ ساڵی تەمەنی کابینەی "نۆ" لە وتارە "نۆ" خولەکیەکە
7/14/2022 12:46:00 PM
کاروان کازم
رۆژی ١٣ی تەمووز مسرور بارزانی سەرۆکی کابینەی
نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاروچالاکیەکانی سێ ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی
حکومەتی هەرێمی بڵاوکردەوە کە(چی کراوە و نیازیانە چی بکەن).سەرۆکی حکومەت بەخێرایی
و لەماوەی نۆ خولەکدا بەشێوەیەی ئینشائی قسەکانی خۆی لەدەوری تەوەری پەروەردەو
ئاسایشی ناوخۆو بەنداوو کشتوکاڵ و قەیرانی دارایی و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ
و کۆرۆنا و سێکتەرەکانی تر باسکردو لە دوو خولەکی کۆتاییشدا باسی پلانی داهاتووی
کردو هەرلەناوەرۆکی قسەکانیدا چەکوشێکی رەخنەگرانەی دا بەسەری نێچیرڤان بارزانی
ئامۆزای و سەرۆکی کابینەکانی پێشوودا و ئاماژەی بەوەکرد کە کابینەی نۆیەم توانیویەتی
بەبێ قەرزکردن قەیرانی دارایی ئەم چەند ساڵە تێبپەرێنێت و مووچە لەکاتی خۆیدا بداو
سەرەرای ئەمانەش توانیویەتی یەک ملیار دۆلاری قەرزەکان بداتەوە.
نەوتراوو راستیەکانی پشت وتارەکەی سەرۆکی حکومەت چین؟بەکورتی و پوختی
وەک کاک مەسرور خۆی وتەنی"هاوڵاتی چەقی کارو خزمەتگوزاریەکانی حکومەتە"کەلەم
سێ ساڵە وانەبووە، ئەم هاوڵاتیەی سەرۆکی حکومەت باسی کرد دەزانێت کە لەماوەی تەمەنی
سێ ساڵەی کابینەی نۆدا:
یەکەم: نرخی خواردەمەنی، سوتەمەنی، باج و
رسوماتی مامەڵەکانی حکومەت، گومرگ...هتد یەک و دە تا یەک و سێسەد زیادی کردووە.
دووەم:ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەتەواوی تێکچووە رێژەی
کوشتن و دیاردەی چەکداری نایاسایی و دزی و ماددەی هۆشبەرو جیابوونەوەی هاوسەران و
کۆچکردنی بەلێشاوی گەنجان سیمای دیاری کابینەکەی کاک مەسرورو وەزیرەکانیەتی.
سێیەم: خراپترینیان دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی
بوو بۆ هەڵەوەشاندنەوەو نادەستوریبوونی کۆی پرۆسەی نەوتی هەرێم و کشانەوەی بەشێک لەکۆمپانیاکانی
تایبەت بەسێکتەری نەوت لەهەرێم و وێڕای ئەوەش کابینەی نۆ لەباتی دۆزینەوەی پلانێکی
تۆکمە بۆ لابردنی ئاسەوارەکانی ئەو بڕیارە خەریکی بەکارهێنانی کارتی سوتاوو دەستشکانەوەیە
و بەناوی تەحەددیەوە گەڕی ئاڵاندۆتە دادگای ئیتحادی و بەنادەستوری ناوی دەبات.
چوارەم: سێکتەری تەتدروستی و پەروەردە وێران
بوون بەناوی بەتایبەتکردنی ئەم دوو سێکتەرە کەرتی گشتی دەستی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی
ئەم دوو بوارە هەڵگرتووە.
پێنجەم: بەرتەسکردنەوەی ئازادی و رادەربڕین و
کاری میدیای دۆخی بەرەوخراپی رۆشتووە، بەناوی سیخوڕیکردن و ناونەوەی پشێوی چەندین
کەیسی هاوشێوەی گیراوانی بادینان لە کابینەکەی کاک مسرور هەیە.
شەشەم: دۆخی دادگاو قەزا بەرەو دواوە هەنگاوی
ناوەو زۆرجار دەستوەردانی زەق لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارو حزبەکانەوە دەبینرێت.
حەوتەم: یەکێک لە شانازییەکانی سەرۆکی حکومەت لەوتارەکەی
باسیدەکات پرسی باشکردنی دۆخی مووچەو نەهێشتنی پاشەکەوتە، بەڵام نەمانی پارە لەبانک
و درێژبوونەوەی سی رۆژی مانگی مووچە بۆ چل رۆژو پەنجارۆژ جێگەی پاشەکەوتی گرتۆتەوە.
سەرۆکی حکومەت و راوێژکارو ستافەکەی ئەگەر بیانویستایە وتارێکی ڕوون
و کاریگەر بۆ هاوڵاتیانی هەرێم بخەنەڕوو دەبوایە بە"داتا وئامارو ژمارە"وەزارەت
بە وەزارەت و سێکتەر و وەزیر بەوەزیر داتای کارو چالاکی سێ ساڵی رابردوویان وەربگرتایە
پاشان سەرۆکی کابینەکەیان بهێنایەتە سەر شاشەی تیڤی بەجۆرێک:
لەم سێ ساڵەدا
( فلان ژمارە)چاکسازی لەکەیسی مووچەو بندیوارو
فرەمووچەکراوە.
(فلان ژمارە) بەنداوو پرۆژەی ئاوو بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەمهاتووەو کراوە.
(فلان ژمارە)کەیسی داهاتی نەوت و باج و
گومرگ بووە.
(فیسار ژمارە)بەمەتر شەقام و کۆڵان و رێگای
دەرەوەی شار قیرتاوو دروستکراون.
(فلان ژمارە)تۆمەتبارو هەڵهاتوو و لەیاسا
دەرچوان دەستگیرکراون و رەوانەی دادگا کراون.
کابینەی نۆیەم بەسەرۆکی حکومەت و ستاف و وەزیرەکانیەوە
نەیتوانیوە شتێکی جیاوازتر لە کابینە پەرێشانەکانی نێچیر بارزانی بەرهەمبهێنیت بگرە
لە زۆر سێکتەریشدا وێڕای کۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی پاشەکشەی قوڵی کردووە، ئیدی ئەوە
کاک مسرورو وەزیرەکانی نین بڕیار بدەن کابینەکەیان باش و خزمەتگوزارە. بەڵکو هاوڵاتیە
ئەو بڕیارە دەدات.