كێشەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و دوو سەرنج
7/16/2019 9:39:00 AM
کاروان کازم
كێشەی لادانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەی پێشوو، لە دوا ساتەكانی تەمەنی ئەو كابینەیەدا، قسەو لێكدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت و بۆچوونە سیاسیی و یاساییەكانیش پەیوەست بەو پرسە چوون بەیەكداو لە هەردوو رەهەندەكەوە بەدیاریكراوی شەقامی بۆچوونەكانی زۆنی سلێمانی دابەشكردووە. جێگرایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمانی ژمارە(3897) لە (20/6/2019) پاڵپشت بە مادەی حەڤدەیەم، برگەی 2 بڕیاری داوە بە بەخشینی مامۆستا دڵشاد عومەر محەمەد لە پۆستەكەیو گواستنەوەی راژەكەی بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە بە هەمان پلە و دانانی كەسێكی تر لە شوێنەكەی ناوبراو بە وەكالەت.
وەزارەتی پەیوەندیداریش كە پەروەردەیە، بە فەرمانی وزاری ژمارە11299 لە 9\7\2019 فەرمانی دەركردوەو ئاماژەشی بەوە داوە كە فرمانەكە لە رۆژی دەرچوونی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لێرەدا دوو سەرنج لەسەر ئەم بابەتە دەخەینەڕوو.
سەرنجی یاسایی:
وەك لە فەرمانەكانی سەرەوەدا بینرا، ئەنجومەنی وەزیران تەنیا بڕیاری گواستنەوەی راژەی دەركردووە، ئەگەرچی لەسەرەتاوە لە میدیاوە گوێبیستی ئەوە بووین كە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دوورخراوەتەوە، كەواتە لێرەدا گرنگە یاساناسان بە وردی دۆخەكە شیكاری بكەن، بۆیە ئەنجومەن بڕیاری دوورخستنەوەی كۆتایی مامۆستا دڵشادی دەرنەكردووە هەتا باسی پێشێلكاریی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 پارێزگاكانی هەرێم بهێنرێتە گۆڕێ. كە مادەی شەشەمی ئەو یاسایە باسی پاڵاوتنی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكات لە سنووری پارێزگاكاندا، كە فەرمانی دامەزراندنیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ دەردەچێ. هەروەها كێشەكانی پەیوەست بەو پرسە، دادگای كارگێڕیی یەكلایی دەكاتەوە، لە دۆخێكدا كەسی زەرەرمەند لەم فەرمانە كارگێرییە، كە مامۆستا دڵشادە، دەتوانێ پاڵپشت بە یاسا بەركارەکانی پەیوەست بە فەرمانبەران كە یاساكانی راژەی شارستانی و بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانە، لەرێی تانەدان لەو فرمانە لەلای خودی ئەو لایەنەی دەریكردووە و دواتر ئەنجامەكەی بۆ لای دەستەی بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی هەرێم كە بڕیارەكەی بنبڕە یەكلایی دەبێتەوە، كە ئەم رێكارەی باسكرا پەیوەستە بە ویستی خودی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە كە ئایا تانە”تەزەلوم” لە فرمانەكە دەدات یان نا؟
سەرنجی سیاسی:
پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بەپێی رێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان بۆ دابەشكاری حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی، بەركەوتەی بزووتنەوی گۆڕانەو ئەم فرمانەی دەرچووە بە گواستنەوەی راژەی بەڕێوەبەری پۆستەكە، پێچەوانەی ئەو رێكەوتنە سیاسیەیەو دەكرێت لە دۆخێكدا خاوەنی ئەو پۆستە گەر حاڵەتی سەرپێچی یاسایی هەبوو لەڕووی بوونی گەندەڵی یان خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، یان هەر كەموكوڕییەك بە رێوشوێنی یاسایی لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە و لەبارێكیشدا ئەوەش كرا پۆستی ئاماژەپێدراو لەلایەن گۆڕانەوە بە كەسێكی تر پڕدەكرێتەوە.
یەكلاییكردنەوەی ئەم كێشەیە بەدەر لە دیوە یاساییەكەی، گەر ویست هەبێ بەباری خێردا بشكێنرێتەوە، دەبێ بڕیار بەدەستانی سیاسی هەردوو حزب بهێنێتە سەر مێزی دانوسانو پاڵپشت بە یاساكان بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.