499وتار

گۆڕان لە دوای کۆرۆنا

4/18/2020 9:05:00 PM
کاروان کازم

ئەو رووداوانەی لە ساتەوەختی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان روویاندا بە دیاریکراوی پاش ئەوەی حکومەتی هەرێم قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند بەتەواوەتی ئەو مەسیجەی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاند کە هەردوو پارتی دەست رۆشتوی هەرێم (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)پەندیان لەو هەڵە زەقانەی رابردوو وەرنەگرتوە کە ئەنجامیانداوە و ئەو نەهامەتیانەی بەدرێژایی ماوەی حوکمرانی رابردویان دووچاری خەڵکی کوردستانیان کردووە لە دۆخی ئاساییدا، لە دۆخی نائاسایی و فەزای نەخۆشیەکی ترسناکی وەک کۆرۆنا نەک دەستبەرداری نابن، بەڵکو زیاتر و زیاتر ئەزمونی دەکەن.بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزی سێهەمی باشوری کوردستان کە بەدردۆنگیەکی زۆرەوە شەریکە حکومەتی کابینەی نۆیەمە و بەمەرجی چاکسازی و باشکردنی بژێوی خەڵک ئۆپشنی چونە حکومەتی هەڵبژارد ئێستا سەرکردایەتی و بنکەی جەماوەری و دەنگدەرانی بە ئاشکراش نەبێت راستیەک هەموو ساتێ ختوکەی دەرون و ویژدانیان دەدات کە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەم ئەگەرچی ماوەکەی زۆرنیە و ئەزمونێکی تازەیە بەچی گەشت؟لێکەوتەکانی چی بون؟هەر بەراست پارتی و یەکێتی فریوی بزوتنەوەی گۆڕانیان دا بۆ چونە حکومەت؟گۆڕان پەلکێشکرا یان کورد وتەنی: بە حوسن و رەزای خۆی بو؟.
گومان لەوەدا نیە گۆڕان توانی لەهەنگاوی یەکەمی ئەم خولەی پەرلەمان و حکومەت لە پشتەوە فشارێکی زۆربکات بۆ دەرچواندنی یاسایی چاکسازی لە دەرماڵە و موچە و ئیمتیازاتەکان لە هەرێم و ئەو یاسایە ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەیرەوی بۆ دەرکراوە و چاوەرێی چونە بواری جێبەجێکردنە. لەپاڵ بە ئامانج گەشتن بە دەرکردنی یاسای چاکسازی کاستی  وزاری گۆڕان بە بونی چوار وەزیر و چەند پۆستێکی بەرێوەبەری گشتی  و جێگرێکی سەرۆکی هەرێم توانیویانە ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن و لەباشترین حاڵەتدا ئەم کاستە دڵسۆزانە و بەوپەری لێبوردەیی و دەستپاکیەوە لە ئەرکەکانیان بەردەوامن.
لەوماوەیەی کە بزوتنەوەى گۆڕان بەشداری کابینەی نۆیەمی کردووە خۆی لەبەردەم چەندین هەنگاو و کاری نەشیاوی هەردو شەریکە دەسەڵاتەکەی خۆی بینیوەتەوە گرنگترینیان:
1-بەردەوامی خراپی دۆخی گوزەران و بژێوی خەڵک و کێشەی موچەی فەرمانبەران کە لە مساتەوەختەی پەتای کۆرۆنادا گەشتۆتە لوتکەی خراپی خۆی، کە بمانەوێت و نەمانەوێت یەوپێیەی وەزیری دارایی و ئابوری ئێستا پشکی بزوتنەوەکەیە و خەڵکی بەش مەینەت و گوزەران خراپ و موچەخۆری موچەخوراو بە حەجمی خۆی بەرپرسیارێتیەکە دەخەنە ئەستۆی گۆڕان، جالێرەدا یەکێتی و پارتی لەماوەی رابردوو زۆر بەباشی کاریان لەسەر ئەم خاڵە کرد و ویستیان پرسی نەدانی موچە و دواکەوتنی بخەنە ئەستۆی وەزیرەکەی گۆڕان و هەڵمەتێکی میدیای قێزەونیان لەو بارەوە بۆ هاندانی خەڵک دەستپێکرد.
2-پرسی ناشەفافی نەوت و داهاتەکان لەهەرێم هەروەک رابردوو وایە و بگرە خراپتریش بوە، ئەگەر جاران  و لە کابینەی هەشتەم وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەرپرسێکی هەبوبێت لەم کابینەیەدا خودی وەزارەتەکە بێ بەرپرس و وەزیر کاربەرێدەکات و هاوڵاتی و زۆرینەی بەرپرسانی هەرێمیش ئاگاداری داتا و ژمارەکانی ئەم وەزارەتە نین کە ئەمەش بە پلەی یەکەم پارتی لێی بەرپرسە و ناسنامەی ئەم وەزارەتەی خستۆتە سەرخۆی و بە ویستی خۆی هەڵیدەسوڕێنێ و بەناوی دانانی راوێژکارەوە بۆ سەرۆکی حکومەت کاری ئەم وزارەتەی ئیفلیج کردووە.
3-دۆخی دەسەڵاتی یاسادانان کە خۆی لەپەرلەمان دەبنیێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتیەکی لاى هەردوو حزبە بە تایبەت یەکێتی کە خاوەن سەرۆکی پەرلەمانە نەک هەر قسەیەکی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو سەرۆکەکەی وەک ئەوەی غەنیمەتێکی پڕ پارە و ئڵتونی چنگ کەوتبێ و حزبەکەی لەو شوێنەدا کاری بۆ دۆزیبێتەوە قاچی خستۆتە سەرقاچ و بە راشکاوانەش خۆی وتەنی: هەرچیەک بڵێن بۆ خۆدەرخستن و خۆ نواندنە.
4-دەسەڵاتی دادوەریش لەرابردو ئێستاشدا نەک هەر رێگری لێکراوە لە رۆڵ بینین لە باشکردنی ژیانی دادپەروەری و سەروەری یاسا و گەڕاندنەوەی مافدا تەنانەت وایلێکراوە کە لەئاست دەسەڵاتی جێبەجێکردندا سیفەتێکی پاشکۆی پێرەوا ببینرێت و بەحزبیکردنی ئەم دەسەڵاتە گرنگەش هێندەی تر نوزەى لێبڕیوە.
سەرەرای ئەو خاڵە جەوهەریانەی کە باسکران وەک کێشەی کەڵەکەبو بەردەوامی حوکمڕانی زەرد و سەوز روداو گەلێکی تر بەدرێژایی ماوەی کۆرۆنا رودەدەن لە کێشەی مستەفای سەلیمی و ناردنی پێشمەرگەی رۆژ بۆ لیبیا و تۆخکردنەوەی ویستی دوو ئیدارەیەی بە داخستنی سنوری نێوان هەردوو زۆنی زەرد و نیلی و سەوز و ئەگەری پێکدانانی چەکداری لەناوچەی باڵەکایەتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و چەندین مومارەساتی تری ناجۆری دەسەڵاتدارانی ئەم دوحزبە، دەبێت دوای تەواوبونی پەتی کۆرۆنا سەرکردایەتی بزونەوەی گۆڕان خاڵ بەخاڵی تۆماربات و هەڵوێستی جدی هەبێت لەسەریان، چونکە راستیەک هەیە بۆ خەڵک روونبۆتەوە یەکێتی و پارتی ویستێکی هەمیشەییان هەیە بۆ دروستکردنی حەدەسی کاتی لەوجۆرانەی ئەنجامیاندا لە کاتی پەتی کۆرۆنا بۆئەوەی رێگەنەدەن لایەنەکانی دەرەوەی خۆیان بیانپەرژێتە سەر جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری خۆیان لەپەرلەمن و حکومەت کە دیاریکراوی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوان دەیانەوێ لەبری ئەوەی گۆڕان وەک حزب و کاستی حکومەت و پەرلەمانەکەی لەبری ئەوەی خەریکی جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکەی خۆی بێت و چاودێبێت بەسەر کارەکانی ئەوانەوە بێ کاریگەری بکەن و رۆڵی بچوک بکەنەوە لە دەرکردنی بەیانامە بۆ رێگری لە هەڵایسانی شەری براکوژی، یان رۆڵێکی نێگەتڤ و ناچالاکی بدەنەێ کە هەر سەیرکەری روودوەکان بێت و قسەیەکی ئەوتۆی نەبێت، ئەمەش دەرئەنجامەکەی داتەپینی زیاتری بنکەی جەماوەری گۆڕان و توڕەکردنی دڵسۆزانی بزوتنەوەکەی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەى زانراوە سەرکردایەتی گۆڕان لە رابردودا چەندین جار پەیام و ماوەی داوەتە بەرپرسانی هەردوو حزبی حوکمڕان، بەڵام دۆخەکە نەک بەرەو باشبون بەڵکو بەرەو ئاڵۆزتر هەنگاوی ناوە و کاتی ماوەپێدان و لەسەر وەستان و رۆژ و مانگ سپاردن بەیەک سودی نەبوو، ئەوەی ماوە لاى بڕیاربەدەستانی بزوتنەوەی گۆڕانە ئایا لەدوای کۆرۆنا دەست بۆ کام بژاردەی تر دەبەن؟ بژاردەی کشانەوە یان مانەوە لەو دۆخەی ئێستا بە میکانیزمی تر؟.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن