19وتار

مووچەی (٧) ملیۆنی پەرلەمانتاری لەماڵەوە

7/14/2025 1:16:00 PM
کاروان کازم

چەند رۆژێکی تر ئەم بەرێزانەی دانیشتوون کە ژمارەیان(١٠٠) ئەندامی پەرلەمانە هەریەکەیان بە نزیکەیی بڕی(٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار)وەک مووچەی مانگی(٤)ی ٢٠٢٥ وەرئەگرن، ئەگەر زەرب و تەقسیمێکی مووچەی ئەم بەرێزانە بکەین بەتێکڕا تەنها ٧ ملیۆن بۆ هەریەکەیان حساب بکەین مانگانە(٧٠٠ ملیۆن دینار)لەسەر داهاتی گشتی هەرێم کوردستان و خەڵکەکەی دەکەون.

ئەم بەرێزانە لەرۆژی(٢/١٢/٢٠٢٤)وە سوێندی یاساییان خواردووەو نزیکەی پێنج مانگە مووچە وەرئەگرن، ئەگەر (٧٠٠)ملیۆن لێکدانی(٥)مانگ بکەین دەکاتە(٣ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار).

ئەندامی پەرلەمان سەرەڕای مووچەکەی ئیمتیازاتی شوێنی نیشتەجێبوون و پاسەوان و ئوتومبێل و کۆمەڵێک شتی تریشی هەیە کە خۆی لەسەفەری وڵاتان و ئەو شتانە ئەبینێتەوە.

ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کە خولی شەشەمە لە رۆژی ٢/١٢/٢٠٢٤ وە سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام هەتا ساتی نوسینی ئەم بابەتە پەنجەیان نەکردووە بە ئاوا(نەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، نە لیژنەکان)پێکنەهاتووە، هیچ سیفەتێکی قانونی و دەستوریان نیەو بۆیان نیە بە کابینەی نۆیەم واتە حکومەتی کاربەرێکەر ئەلف بڵێن و تەنانەت مافیان نیە پرسیار ئاراستەی کارگوزارێکی دائرەیەکی حکومەت بکەن.

پێوەری دانانی ژمارەی ئەندامی پەرلەمان و ئەنجومەنە تەشریعیەکان لەجیهاندا لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان و پێداویستی تەشریعی و رەقابیە، لەکوردستان ئەم پێوەرە بونی نیەو بەهەڕەمەکی پێشتر ١١١ ئەندام و ئێستا کراوە بە ١٠٠ ئەندام.

ژمارەی ئەندامی پەرلەمانی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئیسپانیا نزیکەی(٣٥٠)ئەندامە، ژمارەی ئەندامانی دەوڵەتی ئیتاڵیا کەمترە لە ٤٠٠ ئەندام، وڵات هەیە لە زەریای هێمن ئەندامی UN و سەربەخۆیی هەیە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی(١٤)ئەندامە، هەرێمی گەورە گەورە هەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان ژمارەی ئەندامانی دەسەڵاتە تەشریعیەکانی ناگاتە(١٠٠)ئەندام.

وەک مەبدەء و پرەنسیب هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی لە ئیفرازە باشەکانی دیموکراسی و دەوڵەتی یاساو بنەمای ڕەوایەتین، بەڵام کاتێک پەرلەمانتاری و کاندید بوون دەبێتە مەقسەدی خۆدەوڵەمەندکردن و وەسیلەیەک بۆ زامنکردنی داهاتووی کۆمەڵێک کەس و خێزانەکانیان بەهای نامێنێت و خەڵکی بەچاوی رق و کینە سەیری ئەوکەسەش ئەکات خۆی دەنگی پێداوەو ئەنجامەکەشی ساردبونەوەی خەڵکیە لە پرۆسەی دەنگدان. 

چارەسەر:

 ئەگەر نوێنەرانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راستگۆن لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بە دەنگدەرنیان داوە، فەرموون دوای دانانی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژادرنی نوێی پەرلەمانی کوردستان بگۆڕن و لەیاسا نوێکەدا کاری پەرلەمانی و مووچەو ئیمتیازی خۆتان کەمبکەنەوە و ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانیش بەجۆرێک بێت لەنیوەی ئەوەی ئێستا کەمتربێ، بەندە بەخۆبەخش ئامادەیە لەبری راوێژکارە بەرێزەکانی پەرلەمان پرۆژەیە یاسایەکی تۆکمە بۆ ئەو پرسە حازربکات و وێنەی بداتە سەرجەم فراکسیۆنەکان...."قل الحق ولو کان علی انفسکم".

مافناس/کاروان کاظم
١٣ئایاری ٢٠٢٥


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن