517وتار

پەندێك بۆمێژوو

10/19/2020 10:47:00 AM
ئاسۆ عوسمان

 


كارەساتى شانزەی ئۆکتۆبەرو بەجێھێشتنی کەرکوک ،خیانەت و ھەڵاتن بێ یان نابەرابەری ھێز، فرۆشتن و رێکەوتنی ژێر بەژێربێت یان ھەڵەی ستراتیژی،ھیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کورد ھەلێکی لەدەستدا کەنزیک بە سەدەیەک قوربانی لەپێناویداداوە،رەوانشاد مام جەلال ھەمیشە دەیگوت "کلیلی چارەسەری کوردستان کەرکوکەو فەقەت کەرکوکە ".

لەشانزەی ئۆکتۆبەر کلیلی چارەسەرەکە درایە دەست حەشدی شەعبی و ھێزە داگیر کەرەکانی عەبادی ....!ھەڵبەتە دەزگا سیخوڕی و ھەواڵگرییەکانی تورکیا و ئێران ھەریەکەو لە دیدی بەرژەوەندی خۆیەوە پلان و پیلانیان دادەرشت بۆ دەرھێنانی کەرکوک لەژێر دەستی کورد، دواجار پیلانەکانیشیان بەئاکام گەیشت وباشوری کوردستانیان توشی شکست وکارەساتێکی گەورەکرد،کەتائەمرۆش باجەکەی دەدەین.

ھەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە ھێرشی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ببەستینەوە بەریفراندۆمەوە ...؟چون زۆر پێش ریفراندۆم و سەرەتای شەری موسڵ ،بەرپرسانی حەشدی شەعبی و سیاسیە شیعیەکانی عێراق بەعەبادی سەرۆک وەزیرانیشەوە بەئاشکرا باسی ئەوەیاندەکرد کەدوای کۆتای ھاتنی شەری داعش ھێرش دەکەنە سەر کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان، لەبەر ئەوەش بوو شەری حەویجەیان دواخست بۆ دوای ئازادکردنی شارى موسڵ........

کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان بەری ڕەنجی سەدەیەک لە خەبات و خوێن و خەمی نەتەوەیەک  بوو لەبەردەستی کوردان دابوو کە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری ھەبوو  بەسەر یەکلایی کردنەوەی دۆزی کورد ئەگەر ژیرانە پارێزگاری لێبکرایەوە بەو دەردە نەبرایە ...!.   کەرکوک ڕەوایەتی کێشە و قورسایی گەلێکی پەنجا ملیۆنی کە لە سەدەی بیست و یەکدا بێ دەوڵەت و بێ ئاڵا و پارچە پارچەکراوە.
  خاوەندارییەتی کەرکوک لەشەری تیرۆریستانی داعش  و باڵادەستی کورد بەسەریدا ،وەک قوڵایی ستراتیژی و سەربازی، ھێزی پێشمەرگە پارسەنگی  تەرازووی سیاسی و پاراستنی بووە..
ناوچەکوردستانییەکان لەرووی  ئابووری لە سەرچاوەکانی داھات لە نەوت و گاز کارتێکی بەھێز بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان  کەبەداخەوە لە شەو ڕۆژێکدا کەوتنە بەر ڕەشەبا و بوون بە ئاردی نێو دڕک و ئيستا کۆکردنەوەیان ھەر خوا دەزانێ چەندی دیکە قوربانیدان و ماندووبوونیان پێویستە.

بەدرێژای مێژوو کورد باجی خیانەت ودوو بەرەکی وگەندەڵی لەناو خۆداوە ، سزانەدانی تاوانباران و گەندەڵکاران وخیانەتکاران ھەمیشە ھۆکارە بۆدوو بارە بوونەوەی شکست وکارەساتەکان... !!.

لەیەکێک لەتۆرەکۆمەڵایەتیەکان گێرانەوەیەکی عەرەبیم بەرچاوکەوت کەبەداخەوە ناوی خاوەنەکەی لەسەر نەنوسرابوو، چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە "لەدوای جه‌نگی دووه‌می جیهان خویندكاریك له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌چێته‌ بەریتانیا ده‌بێته‌ كرێچی پیرێژنێك. دوای ماوه‌یه‌ك پیره‌ژنه‌كه‌ پێی ده‌ڵێ‌: ئه‌گه‌ر بته‌وێ‌ له‌م ماڵه‌ی من بمێنیته‌وه‌ نابێت سڵاو له‌و ماڵه‌ی سه‌ر سووچی كۆڵانه‌كه‌مان بكه‌ی .سه‌ره‌تا حویند كارەكە وا دەزانێ‌ پیرەژنەكە به‌مانا رۆژهەلاتیەكەی حۆمان مەبەستی ئٔەوەیە ماڵی سەرسوچەكە لەش فرفۆشن . به‌ڵام دواتر بۆی ده‌رئه‌كه‌وێ‌ كه‌ شه‌ره‌ف له‌و وڵاته‌ واتایه‌كی تری هه‌یه‌ ئەومالە ته‌نیا گوناهیان ئه‌وه‌ بووه له‌ كاتی هاتنی فڕۆكەی ئەڵمانەكان چرای ماڵه‌كه‌یان نه‌كوژاندۆته‌وه‌ ودەنگۆی ئەوە بڵاو بوەتەوە كه‌ به‌م ڕه‌فتاره‌ یان هاوكاری ئه‌ڵمانه‌كان یان كردووە ".

بەداخەوە لەکوردستان  دۆخێک بەر پابووە کە کەسانێک ھەن نەک ھەرکەرکوک بەڵکو بەئاشکرا داوای ھەڵوەشانەوەی  قەوارەی ھەرێم دەکەن  بەشانازیشەوە باسی دەکەن....!!

شانزەی ئۆکتۆبەروئەو ناکۆکی و لێکترازان و خۆ خۆرییەی ئەمرۆ دۆخێکی وای درووستکردووە کە ھەرێم لە  گفتوگۆکانیدا لەبەرامبەر بەغدا لاواز دەربکەوێت،ئاخر دانوستان وەک شێوازێکی سیاسەت کردن ، جۆرێکە لە بازرگانی کردن "دان + ستاندن" ی تێدایە ، کە دانوستان جۆرێکە لە شەڕ و جەنگ  ھێزی دەوێ بۆ ھێرش یان بەرگری کردن . کورد لة شانزەی ئۆکتۆبەر زۆری لەدەستدا کەدەیتوانی وەک کارتی بەھێز بەکاریان بھێنێت ؟زانراویشە کە دەرئەنجامی شەڕی بە ھێزەکان وەک دەرئەنجامی شەڕی بێ ھێزەکان نابێت ھەروەک  ئاشتی بەھێز و بێ ھێزیش ھەروایە .                  
ئەوەی لەبەر چاوانە ئێستا  وەک ئەوەی کیسنجەرە کاتی خۆی بەکوردی  گووتبوو " کورد نە ھێزێکی ھەیە بەرژەوەندی کەسی پێ بپارێزێ و نە ھێزێکیشی ھەیە بەرژەوەندی کەسی پێ بخاتە مەترسییەوە " ئێمە پێش شانزەی ئۆکتۆبەر ئەو ھێزەمان ھەبوو کەبەداخەوە لەدەستماندا  .

خوڵاسەی کەلام و قسەی کۆتای ئەوەیە کورد دەبێت دەست لەسەربرینەکانی دابنێ و روو لەئایندە ھەنگاو بنێت ،ئاڵنگاری وکێشە سیاسی وئابورییەکانی چارەسەر بکات و ئەوەی تەنھا ئومێدێکی لەسەر ھەڵبچنرێ  یەک دەستی و یەک دڵی و یەک ئامانجییە کە بتوانێ کوردستان دەرباز بکا لەو قەیرانەنانەی ئێستا بەرۆکی گرتووە، پێویستە ئامانجی ھەموان بنیادنانی کوردستانێکی بەھێز و ڕزگاری کوردستان بێت.

ئاخرناکرێت ھەر بەسەر لاشەی کارەسات وقوربانیەکانماندا بگرین ؟ و ڕەشپۆشی کۆڕی ماتەم و  جەنازەی موڵکی شێخ و کۆماری قازی نسکۆی ئەیلول و کارەساتی لەدەستانی کەرکوک وناوچە کورستانیەکان بین . ئەوەی پێویستە کورد دەستی بۆبەرێت لەناو بردنی دوو بەرەکی و خیانەتە چون ھەمیشە بەرەو گلۆربوونەوەو ھەڵدێردەمانبات. ئەنجامی شانزەی ئۆکتۆبەریش ھەزار بە ھەزاری نا ئومێدی بەدوای خۆیدا  ھێناو بووە بەشێک لەمێژووی کورد ،مێژووش حکایەتخوان نییە، پەندی لێوەرنەگری ئەتکات بە پەند......


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن