388وتار

كورد و فەرەنسا

10/28/2020 12:05:00 PM
ئاسۆ عوسمان

بڵاو کردنەوەی یەکەم جاری وێنە کاریکاتێرەکانی پەیامبەری ئیسلام  لەساڵی" ٢٠١٢" لەلایەن رۆژنامەیەکی دانیمارکی گرژییەکی زۆری لەنێو وڵاتانی ئیسلامی و پەنابەرە موسڵمانەکانی رۆژئاوا لێکەوتەوە،  لە وڵاتێکی وەک نەیجیریا چەند مەسیحییەکی ڕەشپێستیان هێنایە سەرشەقامەکان و لەنێو تایەی ئۆتۆمبێلدا هەر بەزیندووی و بە بەرچاوی خەڵکەوە سوتاندنیان، کاردانەوەکانی ئەوکاتەی جیھانی ئیسلامی دوور بوو لەھەموو بنەمایەکی شارستانی و تەنانەت ئاینیش،چون ئاینەکان بە گشتی پەیامی ئاشتی و لێبوردەیی و پێكەوە ژیانە.

دوای چەندین ساڵ بەسەر ئەو رووداوانەدا، جارێکیتر وێنە کاریکاتێرەکان لەفەرەنسا بەهەمان شێوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی بەشێوەیەكی دڕندانە لەلایەن توندڕەوێكی ئیسلامی و كاردانەوەی شەقامی فەرەنسی دوای رووداوەكە و لێدوانی سەرۆكی فەرەنسا لەبەرامبەر گرووپە رادیكاڵە ئییسلامیەكان، لەجیهانی ئیسلامی بەشێوەیەك شێوێنراوە كەدوورە لەهەموو ئەخلاقییەکی دینی و سیاسی ئینسانی....


زانیاری راست مەعریفە بەرهەم دەهێنێت، زانیاری ناڕاست و نادروستیش چەواشەو كارەساتی لێدەكەوێتەوە، ئەوشەڕەی ئێستا لەنێو فەزای مەجاز دەكرێت لەسەر ئەم بابەتە گوایە سەرۆكی فەرەنسا سوكایەتی بەئاینی ئیسلام وپەیامبەرەكەی كردووە، جگە لەهەژاری مەعریفی وساویلكەی و سادە گۆیی هیچی دیكە نییە، هێرشی نارەوا بۆسەر فەرەنساو سەرۆكەكەی نیشاندەری ئەوەیە كە گرووپە ئیسلامیە پترۆدۆلارەكان ئەوانەی بەپارەی قەتەرو توركیا و ئێران بەخێودەكرێن زۆر دوورن لە خوێندنەوەی  فیكری و عەقڵانی و جدییەوە...!


دەمارگیری وتوندرەوەی ئاینی لەنێو گەلانی تورك و عەرەب وفارس مێژوویەكی دێرینی هەیە، بەڵام لەنێو گەلی كوردا دمار گیری و توندرەوی ئاینی بوونی نەبووە، باو باپیرانمان هەمیشە  ئاینی ئیسلامیان سوفیانە وەرگرتووە و ئاینی ئیسلام لایی تاكی كورد پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان بووە، جوەكان مێژوییەكی دووروو درێژ لەگەڵمان ژیاون ،ئیستاش چەندین ئاینی وەك مەسیحی و شەبەك، ئێزیدی و كاكەی، لەنێو كوردا بەئاشتیانە دەژین و لەنێو حكومەتی هەرێم و حزبەكانیش جێگاو رێگای شیاویان هەیە.
ئەوەی جێگای نیگەرانی و هەڵوێستە لەسەر كردنە ئەو دژایەتی حزبە ئیسلامییەکانە بەرامبەر بە وڵاتێكی وەك فەرەنسا كەمێژوویەكی  دێرینیان هەیە لەبەرگریكردن لەمافەكانی نەتەوەی كورد،فەرەنسەكان هێڵی دژە فرینیان بۆهەرێمی كوردستان لەنەتەوەیەكگرتووەكان كردە بریار، ئەوكاتەشی داعش پەلاماری هەرێمی كوردستانیدا یەكەمین دەوڵەت بەهانای كوردستانەوە هات فەرەنسا بوو، جگە لەهاوكاری سەربازیش داوای كۆبوونەوەی یەكێتی ئەورووپایكرد بۆپشتیوانی كردنی كوردستان لەجەنگی دژبەداعشدا.سەرۆكی ئەوكاتی فەرەنساش یەكەم سەرۆكی زلهیزێكی جیهانی  بوو بۆشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان سەردانی هەولێری پایتەختی كرد ،لەدوای ریفراندۆمیش یەكەمین دەوڵەت بوو كاری بۆهەڵگرتنی گەمارۆی سەرهەرێمی كوردستانكرد لەوگەلە كۆمەكییەی كەلەسەری بوو.


لەرۆژئاوای كوردستانیش فەرەنسییەكان بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی كوردیانكردووە هیچ كوردێك نابێت هەڵوێستەكانی فەرەنسا لەبیر بكات لەكاتی داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە  ،خۆ ئەگەر فەرەنسیەكان نەبوونایە دەمێك بوو سوپای تورك ئەو ئەزموونەی رۆژئاوای لەبەین دەبرد.
ئەم هێرش وپەلاماردانانەی  فەرەنساو سەرۆكەكەی لەلایەن بەشێك لەلایەنگرانی حزبە ئیسلامییەكان لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان خزمەت بەئاینی پیرۆزی ئیسلام و پەیامبەرەكەی ناكات، بەڵكو ئاوكردنە ئاشی دوژمنانی كوردە، چون ئەیەوێ ئێستا سەركردایەتی  ئەم شەڕە دەكات  بەرامبەر بەفەرنسا، توركیا و ئێرانە هەڵبەت بەپشتیوانی داری قەتەر.....


دەبێت ئەو گرووپە ئیسلامیانە بزانن ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت شەڕی بەرژەوەندییە ئابوری و نەتەوەییەكانی ئەم دەوڵتەنایە لەبەرگێكی ئاینییدا، توركیا تەماعی عوسمانیانەی خۆی لەناوچەكەداهەیە لەباكوری ئەفریقیا لەرێگای گرووپە ئیسلامیە توندڕەوەكان، لە دەریای سپی ناوەڕاستیش شینی بەدەستهیناو داگیركردنی گازی سروشتی هەیە، چاوی لە داگیركردی رۆژئاوای كوردستانە، بۆتە سپۆنسەری ناردنە دەرەوەی گروو جیهادییەكان بۆ وڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت ناوچەی قەوقازیش.



ئەردۆگان لەكۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەكگرتووەكان بەدەنگیكی بەرز ووتی بەبێ‌ درووستكردنی دەوڵەتی فەلەستین كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر ناكرێت،بەڵام بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ریفراندۆمی باشوری كوردستانیكردو تەنانەت ئەو ئەزموونە خۆبەرێوەبەری رۆژئاواشی پێ قبوڵنیەو رۆژ نیە هەڕەشەی پەلاماردانی نەكات.


حزبە ئیسلامییەكان دەبێت بزانن باوەڕداری لەگەڵ خودا دەكرێت نەك لەگەڵ ئێران و توركیا و داگیركەرانی كوردستان، هاوسۆزی ئاینداری نابیت مرۆڤ گێل بكاو چاو لەراستییەكان بپۆشێت و ببێتە پاڵپشتی داگیركەران و دیكتاتۆرەكان، ماركس بەم جۆرە لەئاینداری ناو نا تلیاکی گەلان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن