337وتار

جەنگ لەدژی کێ؟

11/8/2020 8:43:00 PM
ئاسۆ عوسمان

رۆژلەدوای رۆژ ترس ونیگەرانیەكان لەهەڵایسانی شەرێكی تری ناوخۆ زیاتر و زیاتر دەبن ،جێگەی خۆشحاڵیشە هیچ قۆناخێك لەمێژووی كوردا ،كۆدەنگییەكی لەم شێَوەیە بەدینەكراوە بۆ رەتكردنەوەی شەری براكوژی ....بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارو هەڵوێستە لەسەر كردنە، لە گرژی نێوان گەریلاكانی پەكەكە وهێزەكانی پێشمەرگە ،رووی داواكاری و بەرپرسیارێتییەكان لە حكومەتی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگەیە ....لەكاتێكدا بەرپرسیارێتی گەورە لەئەستۆی (پەكەكە) دایە.....؟! باشوری كوردستان هەمیشە هاوسۆزو پشتیوانی خەباتی كوردانی باكوری كوردستان بووە لەدژی زوڵم و ستەمی داگیركەرانی توركیا ،هەبوونی هێزكانی گەریلاش لە قەندیل و ناوچە سنورییەكان میًژوویەكی دێرینی هەیە،هیچ كاتێك قسە لەسەر بوونی گەریلا نییە لەو ناوچانە، بەڵام بوونی پەكەكە لەشەنگال و درووستكردنی كانتۆنی خۆبەرێوەبەری لەوناوچانەو هاتنە ناوەوەی ئاشكرای (پەكەكە) بۆقوڵای خاكی هەرێمی كوردستان و دەستبەسەرداگرتنی نزیكەی (400)گوندو تەقاندنەوەی بۆری نەوتی كوردستان و رێزنەگرتن و حسابنەكردن بۆ هیچ یاسایەكی هەرێمی كوردستان هەڵەی گەورەو ستراتیژی پەكەكەن كەزیانی گەورە نەك هەر بە باشوری كوردستان بەڵكو بەخۆیان و خەباتی باكوری كوردستانیش دەگەیەنێت....!! توركیای سەردەمی ئەردۆگان، بەخەونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە لەهەوڵی فراوانخوازی و داگیركاریدایە لە دەریای سپی ناوەراستەوە دەگاتە لیبیا و سوریاو ناوچەی قەوقاز ،پەلی خۆی هاویشتووە و بەزەبری هێزی سەربازی و ئابوری خەریكی فراوانكردنی هەژموونی خۆیەتی ....یەكیك لەئامانجە ستراتیژییەكانیشیان داگیركردنی رۆژئاوا و باشوری كوردستانەو بۆجێبەجێكردنی پیلانەكانیشیان هیچ دەرفەت و هەلێك لەدەست نادەن. بەدرێژای مێژوو ،فەلسەفەی حكومرانی و ستراتیژی دەوڵەتی توركیا، لەسەربنەمای دژایەتیكردنی كورد داڕێژراوە...هەمیشەبەداوای بیانوداگەراون بۆپەلاماردانی رۆژئاوا و باشوری كوردستان ،جێگای نیگەرانییە پارتی كرێكارانی كوردستان هەمووكات ئەو بەهانەیەی داوەتە دەست توركیا.....!! هێرشی گەریلا بۆسەر هێزی پێشمەرگە و تەقاندنەوەی بۆمبی چێنراوهاتنەناوەوەی گەریلا بۆ قوڵای خاكی هەرێمی كوردستان، دەبیتە پاساوێكی باش بۆسوپای توركیا بۆداگیركردنی كوردستان و ئاشكراشە سوپای توركیا ،هەرجێگایەكی داگیر كردبێت بەئاسانی پاشكشەی لێنەكردووە ....!! بۆیە پێویستە"پەكەكە" لەوراستیانە ئاگادار بكرێتەوە كە ئەم هەنگاوانەیان زیانێكی گەورە بەكۆی دۆزی كورد لەباشور و رۆژئاوا و باكور دەگەیەنێت.... هەموان لە شەڕی براكوژی زەرەر مەند دەبین هیچ لایەك براوەنابێت شەری ناو خۆش تەنها داگیر كەرانی كوردستان لێی سودمەندن ، بەتایبەت توركیا و ئێران... ئەگەر نەخواستە ئەم شەڕە بەرپا ببێت ، دۆزی كورد لەئاستی جیهانی پاشكشەیەكی گەورەدەكات، بۆیە هیوا خوازم هەموو لایەك بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكەن و ئەم دۆخە هێور بكەنەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن