295وتار

كۆرۆنا....!!!

11/2/2020 11:45:00 AM
ئاسۆ عوسمان

شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا زۆر بەخێرای تەشەنە دەكات، فەرەنسا و نەمسا و بەریتانیا بۆ رێگەگرتن لەزیاتری بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا قەدەغەی هاتۆچۆیان راگەیاندۆتەوە و چەندین رێكاری توندی خۆپارێزیان گرتۆتە بەر.

لەكوردستانیش ھەواڵەکان ئـاماژەی باشمان پێ ناڵێن، دۆخەکە ڕۆژ بەدوای رۆژ خراپتر ئەبێت، تەشەنەی ئەمڕۆی كۆرۆنا سبەینێیەکی ترسناکمان نیشان ئەدات.....!!

خەڵك و حكومەتی كوردستانیش لەم چەند مانگەی داهاتوو لە بەردەم تەحەدایەکی زۆرگەورە و مێژوویدایە، ئەگەر خۆپارێزی و رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستیەکان لە ئاستی پێویستدا نەبێت، رەنگە لێکەوتەو كارەساتەكانی ئەم تاعونە بەجۆرێک بێت هەرگیز پێشبینیمان نەكردبێت....!


گرفتی هەرە گەوری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەزوو بڵاوبوونەوەی دایە بەشێوەیەكە  دامەزراوەکانی وڵات بێسنور ماندوو ئەکات، بۆ رێگریکردن لەتەشەنەسەندنی کۆرۆنا زۆربەی وڵاتانی  جیهان ناچارن رێکاری خێراو قورس بگرنەبەر.
بڵاوبوونەوەو تەشەنە کردنی پەتای کۆڕۆنا ، وەك سوتانی دارستان و دەغڵ و دان وایە ، سەدان دۆنم ، بە پڕوشکە یەکی کەم ئاگر دادەگیرسێ و گڕ دەگرێت ، ئەگەر سوتاش، تا بکرێت دەبێت بەری لێ بگیرێ و نابێ ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات و زەرەری زیاتری هەبێت ..... بۆیە تا دەکرێت دەبێ هەوڵ و رێكاری توند بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبێت....

رێكارەكانی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا قورساییەکی سەختی ئابوری و بودجەیەکی باشی دەوێت، سروشتی روو بەروو بونەوەی کۆرۆنا ،رێک وەکو جەنگە، حکومەتو خەڵکەکەی زۆر ماندوو ئەکات و زیانی زۆری ئابوریش دروست ئەکات... هەرێمی كوردستانیش بەقەیرانێكی ئابوری  قوڵەوە لەجەنگی كۆرنادایە.

سەركەوتنیش لەم جەنگەدا بەتەنها لە ئەستۆی وەزارەت و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی نییە، تیپەڕاندنی ئەم دۆخە و سەركەوتن بەسەركۆرۆنادا تەنها بەحكومەت ناكرێت، هاوكاری و پشتیوانی هەموانی دەوێت.


ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ، حزبەكان و دامەزراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و یەكێتی زانایانی ئیسلامی و دەزگاكانی راگەیاندن بەهاوكاری و پاڵپشتی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی، پلانی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی تاك بەتاكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەسپێبەكەن، لەرێگای دابەشكردنی ماسك و مادە پاكژكەرەوەكان هانی خەڵكی بدرێت بۆ بەستنی ماسك و دەست شتنی بەردەوام و نەچوونە ئەو جێگاو شوێنانەی كە زۆر
قەرەباڵخن...

لەكۆتا قسەدا پێویستە ئەوە بڵێین كە نابێت خەڵكی گەشبینی و کەمتەرخەمی تێکەڵبكەن....پشت بەستن بەخودا گەشبینی ئومێدە بەڵام بەبێ خۆپاراستن گەمژەییە......( فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ ۚ)عەزم لە پێش تەوەکولەو تەوەکول بەتەنها هیچی لێ سەوز نابێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن