خواکانی سەر زەوی هەرێمی کوردستان
10/14/2020 5:36:00 PM
901 جار خوێندراوەتەوە
یوسف مەنتک
درۆو دزی وەک کولتورێک
بۆ ئیدارەدان وبنیاتنانی وڵات،
کاتێک درۆو دزی
وەک بناغەیەک و دەبێتە کولتوور بۆ سیستمی ئیدارەدانی وڵات، ئەوەی لێ بەرهەم دێت کە
ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
ئەم دۆخەی
ئێستا، دەمانباتەوە بۆ هەمان ئەو بارودۆخەی سەردەمی فەرمانڕەوایی پاشا لویسی
شانزەهەم و ماری ئەنتوانیتی خێزانی لە فەڕەنسا. پاشاکان وەک خوای سەرزەوی وێنا
دەکران، بریاری کۆتایی دانان ولابردنی هەر کاربەدەستێک، مردن وژیانی هەر تاکێک،
خۆشی وتاڵی ژیانی هاوڵاتیان لە ژێر ڕەحمەتی پاشا بوو.
کۆمەڵگەی
فەرەنسی دابەشی سێ چین ببوون: یەکەم خانەدان و ئەرستۆکراتەکان، کە
پاشاودەوروبەرەکەی و ستافی حکومەت ودەوڵەمەندەکانی دەگرتەوە، خێزان و ئەندامانی
خێزانی خانەدانەکەن هەموو مافێکیان
پارێزراو بوو بە پێی یاساو فەرمانی شا خێرو بەرەکەتی وڵات بۆ ئەوان بوو، کەس بۆی
نەبوو دژ بەیاساو بریارەکانی پاشا بوەستێتەوە، ئەگینا توندترین سزا تامەرگیش
چارەنووسی بوو.
چینی دووەم
پیاوانی ئاینی بوون خودان بریارو بەرژەنوەندی و پاسەوان وداکۆکیکاری دەسەڵات بوون.
چینی سێهەم هاوڵاتیان بوون کە لەوپەڕی هەژاریدا دەژیان، مەمرەو بژی، ئەوانەی لە
زەوی دەسەڵاتدارەکان کاریان دەکرد ڕەنجی تەواوی سالێکیان بۆ خاوەن زەوییەکان بوون
کەم شتێکیان بۆ دەمایەوە، هەژاری وبرسییەتی وباڵی بەسەر وڵاتدا کێشابوو،
کۆمەڵگەیەک لە کۆیلە بنیاتنرابوو.
بارودۆخی خەراپی وڵات وای کرد شۆڕشی فەرەنسا بەرپا ببێت وتەخت وتاراجی پاشا تێک
بشکێنن ودەست بەسەر دام ودەزگاکانی دەوڵەت دابگرن و زیندانی باستیل بشکێنن و
کوشتارێکی زۆریش کرا، ئەوەی ڕزگاری بوو، باقی تر دەستگیرکران و برانە بەردەم مقەسی
سەرپەراندن، تا خودی پاشا لویسی شانزەهەم وماری ئەنتوانیتی خێزانی سەریان پەڕێندران.
ئەوەی ئێستا لە
هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ لە ماوەی ٢٨ ساڵی حوکمڕانی، ئەنجامی حوکمی بنەماڵەیی و حزبییە
لەپێناو مانەوەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، دەستیان گرتووە بەسەر تەواوی داهاتی
وڵات و هێزی چەکداری حزبییان بنیاتناوە بۆ پاراستنی خۆیان، کوردستانیان کردۆتە
مەیدانی دەزگەی هەواڵگری و مۆڵگەی سەربازی وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکان.
لەکوردستاندا
دوو چین هەن، چینی دەسەڵاتدارەکان و دەوروبەرەکانیان کە خۆیان لە حیزب و حکومەت
دەبیننەوە لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین ، بازرگانی وڵاتیان قۆرغکردووە، سەرچاوەی
داهات لای ئەوانە، کەسانێک وەک خوای سەر زەوی وێنا دەکرێن ودە پەرسترێن، کۆمەڵگە
بەکۆیلەکراوە.
چینی دووەم هاوڵاتیانن چاوەڕوانی ڕەحمەتی
حکومەتن ئاخۆ کەی بێت معاشی مانگانەکەیان وەردەگرن، ئەوەش بەپێی میزاجی دەسەڵات
دەبێت دوومانگ، سێ مانگ، پێنج مانگ جارێک دەبێت.
درۆو دزی وەک
کولتوورێک لە ولاتدا گەشەی کردووەو بۆتە مۆدێل، سەردەمی زوو ئەگەر کەسێک دزییەکی
کردبوا ڕیسوا دەبوو، سەرباری سزدانی، لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەچاوێکی سوک
سەیردەکرا، کەچی لە ئێستادا دزەکان پیاوی دیارو ناسراو ماقوڵن، پێگەی تایبەتیان
هەیە، خەڵکیش ڕێزیان لێ دەگرن.
کێشەی سەرەکی
ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە باکی بە م دۆخە نییە تا چەند خەراپ و خەراپتر دەبێت، ئامادە
نییە بچووکترین گۆڕانکاری بکات لە ئیدارەدان و سیستیمی سیاسی، سازش لەسەر بچوکترین
شتی ناکات لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، گرنگترین شتێک بەلایانەوە بەرژەوەندی
بنەماڵەو حیزب پارێزراوبێت. بێکاری و برسێتی و بێ ڕاتبی وئاوارەیی و فەسادی
کۆمەڵگە وداگیرکردنی وڵات لەلایەن هێزە ئیقلیمییەکان، خەمی ئەوان نییە، تاکە
خەمیان پاراستنی کورسییەکانیانە، لەگەل هەرهێزێکیش بەداگیرکەرانیشەوە ڕێک دەکەون،
تەنیا خۆیان پارێزراوبن.
کۆمەڵگەی
باشووری کوردستان بە حیزبی کراوە، حیزب هەر شوێنێکی داگیر کردووە، چۆتە نێو ژیانی
خەڵک. بۆیە دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە کۆمەلێک ماف دەستەبەر بکات کە کۆلەگەی
کۆمەڵگەی مەدەنی و حوکمڕانیین وەک: دەستوور، سوپای نیشتمانی، خەزێنەی یەدەگ،
بنەماکانی دیموکراسییەت، مافەکانی هاوڵاتیبوون، مافەکانی مرۆڤ، ژنان، مندالان،
ئینتیمای نیشتمان، سیستمی پەروەردە، سیستمی تەندرووستی، پێکهاتەکان بوونەتە
مقاشێکی دەستی حزبی دەسەڵاتدار، بە هێز بێهێز دەخوات، مرۆڤگەلێک بوونەتە دڕندە بۆ
بۆ مرۆڤەکانی تر، لە غیابی یاسادا. تاوانباران و بکوژان لەیاسادا ڕادەکەن حزبی
نەیار پەنایدەدات، وڵات غەرقی تاوان وکوشتن بووە، لێپرسینەوەو بەدواداچوون ناکرێت،
چونکە حکومەت ئەو دەسەڵاتەی نییە لە هەرێمێکیتر لپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، دادگاکان
لە ژێر پرسیارن، دادوەرەکان داماو زەلیل بوون بەدەست مۆتەکەی حیزب.
ڕق و یەکتر
قەبوڵنەکردن و ڕووحی شەڕانگێزی کەسایەتی تاکی کوردی تەنیوە، هەر بۆیەشە مڵملانێکان
زیاتر بۆ یەکتر سڕینەوەوشکاندن ولەناوبردنی یەکتر، ئەزموونی بەنێو شۆڕش وکوردایەتی
حزبایەتی شەست ساڵی ڕابردووی باشووری کوردستان سەڵمێنەری ئەم ڕاستییەن، ئەگەر
سەیری مڵمڵانێی سیاسی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بکەین دەبینیین ململانێکان زیاتر بۆ
خزمەتی گشتیین.