بێ ڕەخنەیی.. کۆمەلی مێگەل بەرهەم دێت
6/19/2022 3:38:00 PM
یوسف مەنتک
ڕەخنە گرتن یا نووسین بۆ خزمەتی
کۆی گشتی پرۆسەیەکە، چ لە لایەنی ناڕێکی سیستمی ئیداری حکومی، یا حیزبی یا ئۆرگانێک
یا لە بواریئەدەب و هونەری، لایەنی ئەدەب و هونەری تائێستا بۆشایی مەزن هەیە، بەهۆی
نەبوونی ڕەخنەگری بوارەکە، بوونی تاک و تەرا ناچێتە قالبی بوونەوە. ڕەخنەش لە ناعەدالەتی
و ناداپەروەری لە کایەکانی تری ژیان، بەدرێژایی سی وئەوەندەسالەی حوکمڕانی هەرێمی
کوردستان، بەردەوام هەبووە و بەرزونزمی بەخۆوە بینیوە، ئەوەی جێی داخە دەسەڵاتدارانی
ئەم هەرێمە نەک باکیان بەڕخنەو داخوازی و گلەییەکانی هاوڵاتیانیان نییە، بگرە ئەوەتا
بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات و زۆرترین دەستکەوتی تاقم و حیزب.
هێزی ولاتانی دراوسێش بۆ ڕەشکردنەوەو گیانی یەکتر دەهێنن، ئێستا لەوەش
تێ پەڕیوە کوردستان بۆتە مۆلگەی دەزگە سیخوڕییەکانی
وڵاتانی دراوسێ و جیهانی، بە هۆی پشێوی سیاسی و قەیرانی بێکاری و قات و قڕی خەلکێکی
زۆریان بەرامبەر کەم پاداشتێک بە کێشی نێو تۆڕی هەواڵگری کردووە، دەبینن لە چەندین
شوێنی جیاجیای کورستان خەباتکارانی هێزە نەیارەکانی دەولەتی داگیرکاری تورکیا بە سەرۆکایەتی
ئەردۆغانی دیکتاتۆر دەست نیشان دەکرێن و شەهیدیان دەکەن.
دەبێ لەززەت و حیکمت لە چی
دابێت لەپای گیانی شۆڕشگێڕانی کورد چەند دۆڵارێک خەڵات دەکرێن، ئەردۆغان و فاشیزمی
تورک تووشی پەتای سڕینەوەی کورد بوون، فیکروهزریان تەنیاو تەنیا لەسەر کوردو
کوردستانە. ئەگەر ڕەخنە لەو سیاسەتە چەپەلە بگیرێت ئەوە بێ شک تاوانبار دەکرێی بە
تیرۆریست، لە کاتێکدا مەکینەی بەرهەم هێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان خودی ئەردۆغان
و فاشیزمی تورکە. ڕەخنە گرتن لە حیزب لە
پاداشتکردنی خەلکی ناموستەهەق و فایلدارووجاش و کەسانێک لە حزبی ترو لەدەرەوەی حیزبەوە
خزوانەتە نێو حیزبێکی تر بە هۆی تەکەتول و
خزمایەتی و عەشیرەتگەری و بەرژەوەندخوازییەوە پیاوی ئەم و ئەو، مافی دەیان و سەدان
کادرو ئەندامی حیزبی ڕەسەنیان خواردووە ، کە لەڕۆژە سەختەکان تێکۆشەرێکی ئەو حیزبە
بوون، چونکە نەچوونەتە ژێر ڕکێفی ئەو سەرکردەو
بەرپرسە مشەخۆرانە، ئەوان سفر بەدەست و خەڵکی انتهازی و دیماگۆجیش بە جۆرەها شێوە موستەفیدبوون.
لێرەدا ڕەخنە گرتن لەم نۆرمە خەراپە
مافی شەرعی هەر کەسێکە وەک خاوەن مافێک قسەی خۆی هەبێت، ئەو حیزبە لە تەوەری سەرەکی فیکرو ئامانجەکانی
شەهیدان بەلا ڕێ دابراوە، بۆتە کۆمپانیایەک
و چەند گروپێک بە کەیفی خۆیان لەت و پەتیانکردووە، قسە کردن لەسەر نا عەدالەتی گوناه نییە، بە تایبەت بۆ ئەندامانی ماندوو نەناسی کۆڵنەدەر، بۆ هاوڵاتیان، لەولاشەوە لەشکرێک
لەمشەخۆر لەژێر ناوی جۆربەجۆر پێکهێنراوە. نەبوونی ڕەخنەی جددی و نەبوونی ناڕەزایەتی
و هێزی جەماوەری کۆمەڵگەی مێگەلی لێ بەرهەم دێت، وەک ئەوەی ئێستا لە باشووری
کورستان دەگوزەرێت، کۆمەلێک و گروپێک لە ترۆپکی دەسەلات و ڕەها دەژین، ژمارەی هەژارو
برسی و بێکارەکان ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە، خەڵک زیاتر لە خەمی نان دایە تا لە خەمی
نیشتمان دابێت، لەم حالەتەدا ئینتیما لاواز دەبێت، ئەوەش خەونی دەسەڵات و داگیرکەرانە
بە بوونی کۆمەڵگەی ناهۆشیارو مێگەل، هەمیشە لە خەوی نەرمدا دەبن.