644وتار

کتیب سەرچاوەی هەژاری و بەدبەختی من

7/18/2022 11:17:00 AM
یوسف مەنتک

هەژاری من دەگەڕێتەوە بۆ دووشت، یەکێکیان حیزبایەتی سەردەمی هەرزەیی بوو بە دوو خەیال پلاوی درووشمی درۆینەی کوردایەتی سەرکردەکانی سەردەمی شاخ کەوتبووین، خوا ڕووحمی کرد ڕاپەڕین بووە سەرچاوەی هۆشیاری و چاوکردنەوەی من و زۆرانی تر، کە زوو ئەو درۆزن و فەڕمەسۆنانەمان ناسی چ مەعدەنێکن، دووهەم کتێب ، بە شێکی زۆری لە ژیانم داگیر کرد، هەموو شتێکم بەلاوە نا، تەنیا کتێب نەبێت، بۆیە من نەم توانی ببم بە خاوەنی سەرمایەکی زۆر، و خۆشگوزەرانی بۆ کەس و کارم، گلەییان لەوەیە نەبوون بەخاوەن  ڤیلای خۆمان، وەکی عالەمێ سەفەری جەزیرە گەشتیارییەکانی وڵاتان ناکەین، خەڵک دەچن بۆ گەشتی تورکیا ئێمە هەر لەو شارە کاولەی خۆمانیین( تا بۆم بکرێت بە خەونیش ناچمە ئەم ولاتی دڕندەو دژ بە مرۆڤایەتییە ).

 

ڕاستە من بە هۆی داوکەتنم بە دوای کتێب، نەبوومە خاوەنی هیچ سەرمایەک، بەڵام گرنکترین سەرمایە کە من بەدەستم هێنا، سەرمایەی هۆشیاری بوو، ماڵەکەم پڕ لە کتێبە، ژێر زەمین پڕ لە کتێبە، لە وڵات هەزاران کتێبم هەن و لەنێو کارتۆن دام ناون، من نەخۆشی کتێبم هەیە. خەڵکی تر نەخۆشی پلەو پایە، کورسی، معاشی باش، سەیارەو خانوی عالیان هەیە،  نەخۆشی منیش خەون بەکتێبەوەیە، لە کوێ پێشانگەی کتێب هەبێت، لە وێ بم، ئەگەر نەشم توانی کتێبێک بکڕم، ئەوەبە هونەری لێهاتوویی خۆم دەیدزم، من چێژ لەدزینی کتێب وەردەگرم ، جار هەیە هەر لۆ فشەی کتێب دەدزم، ئاخر کتێب دزین هونەرە، زەوقە، لوتکەی شانازیی عاشقانی کتێبە. ئەوە بەدەست خۆم نییە، گیرفانیشم پڕاوپڕ پارە بێت، وەک ڕووداۆێکی مێژوویی حەزم بە دزینی کتێبە، بۆیە هیچ جۆرە کتێبێک لەدەستی من قوتار نابێت کەسەرنجمی ڕاکێشابێت، کاکی برای بەدەستە خۆم نییە، ئەوە عەشقی کتێبە، ڕاکێشم دەکات.

زۆر دەرێن خۆ کتێب نان و ئاوت نادات، بەلاوەیان بنێ، بڕۆ دوو عانە لۆخۆت پەیدا بکە باشترە،  خێزانەکەت سک تێرو پۆشتە بکە. کورد گوتەنی : جاوەرە ئەو کەرەی لەم قوڕەی دەربینە!.  ئێ کاکی برای خۆ هەموومان ناکرێت وەک یەکتر بیر بکەینەوە، خواردنمان یەک بێت، هونەر لەوەدایە ئێمە جیاواز بین، بەس جیاوازی یەکتر قبول بکەین.

ئەگەر کتێب سەروەر بێت و خۆراکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەبێت، ئەوە کەس بیر لە خیانەت ناکاتەوە، برای شیری خۆی بە چەند قڕووشێک نافرۆشێ. هۆشیاری کتێب حوکم بکات، چێترە لە هۆشیاری سیاسیەکی قاڵتاغی بە سالاچووی کەللەپووچ، توانای بیرکردنەوەی نییە. کتێب سەرچاوەی بیڕکردنەوە، هۆشیاری، داهێنانە، با هەموو مالێک کتێبخانەیەکی هەبێت، دەبینن چۆن کۆمەلگەکی هۆشیارو پێشکەوتووتان دەبێت!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن