وتار

ئیرادەو شکۆی تاکی کورد تێک مەشکێنن

4/2/2022 9:48:00 AM 193 جار خوێندراوەتەوە
یوسف مەنتک




چەندین کەسایەتی تا ئێستا ئازاو بوێرانە، قسەی خۆیان سەپارەت بە کۆمەلێک پرسی سیاسی کردووە، کەچی بەداخەوە ناچار بە پەشیمانی کراون، ئەوەش جۆرێک لە تێک شکاندنی شکۆو ئیرادەی تاکی کۆمەڵگەیە

 تکایە چیتر کەسایەتی ئەم و ئەو تیرۆر مەکەن، وەک تاکێکی کۆمەڵگە  و مرۆڤێکی کوردستانی تێک مەشکێنن،  ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕویدا، سەبارەت بە قسەکردنی کەسێک لەسەر مەرجەع، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، ئەوەش جۆرێک لە  ململانێ سیاسیی نێوان حیزبەکانە، بێ ئاگا لەوەی شکۆو کەرامەتی مرۆڤێک پێشێل دەکرێت، لەپێناو بەرژەوەندی و ڕازیکردنی دڵی ئەم و ئەولایەنی سیاسی،، دواجارئەوەی قوربانییە تاکەکانن ناچار بە تۆماری ڤیدیۆیی دەکرێن و پەشیمانی لەژێر فشاردا ڕادەگەیەنن، ئەوەش جۆرێک لەپێشێلکردنی ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕینە،  ئەوەی زەرەر مەندە تێدا دواجار تەنیاو تەنیا تاکی کوردستانییە دەبێتە قوربانییەکی بازاڕی سەوداو مامەلەی  سیاسیی! تکایە ئەو تیرۆرو تێکشکاندنی شکۆی  کەسییانە ڕاگرن.
ئەگەر دەسەڵاتدارێتی کوردستان، ڕێکخراو حیزبەکان بە حکومەت و پەرلەمانیشەوە،خەڵاتی ئازایەتی و بوێریان هەبێت، یەکەم کەس دەبێ بدرێت بە و کەسێتیانەی بوێرانە قسەی خۆیان دەکەن، کە ئەوەش ناکەن، تێکیان مەشکێنن،  ئەوەی  سەرکردایەتی سیاسی کورد دەبێت بیکات، کە ناوێرن بیکەن!، لێگەڕێن هاوڵاتیان ڕای خۆیان دەرببڕن پەنجە  بخەنە سەر برینەکان، سەردەمی موقەدەسات بەسەرچوو، سنووری تابۆکانی تێک بشکێنرێ. نەعەرەب و نەفارس و نەتورک براو هاوسۆزی کورد نیین،هاوپەیمانیش نیین، تا ئێستا ئامادە نیین ماددەی 140 جێ بەجێ بکەن، سەرکرایەتی کوردیش مەستی پلەو پۆستن زیاتر ، نەک ئەو ماددەیە، لە هەر دەرفەتێک بۆیان بگونجێت، خاک و خۆڵی کوردستان  دەسووتێنن، وەک تا ئێستا دەستیان نە پاراستووە، سەیری سەردەمی ڕیفراندۆم بکەن، چ عەشرێکیان بە کورد کرد، هەموو سنورو فڕۆکەخانەکانیان داخست، بەدبەختی کورد لەوە دایە، بەڕق و عنادی سیاسەت دەکات لەگەل یەکتر، یەکتری دادەپاچێ و ماڵی کورد تەفروتوونا دەکات، دەچێت خەمی ماڵی تر دەکاتە کۆلی خۆی،  لە غیابی عەقڵ، ئەوەش بەهۆی بیرتەسکی و بەرژەوەندی حیزبایەتی و کورت بینییە، لەئێستادا کورد لە خەراپترین دۆخدایە.

با بێینەوە سەر  باسی دەستوری ئێراق و کوردستان هەم فیدرالی، هاواری فیدرالی و دیموکراسی دەکەن، خێرە بە هۆی  ڕای بەڕێزێک ئەم هەموو بێڕێزیە بە میللەتێکی خاوەن ئەنفال و کیمیاباران و دەیان هەزار شەهید دەکرێت، هەردوو مەزهەبی سوونە و شیعە، بزانن چیان بەکورد کوردووە، کێشە ئەوەیە  سەرکردایەتی کورد کۆلەوارو نەخوێندەوارن مێژوو ناخوێننەوە،  نەخوێندەواری وجەهالەت وڵات بەرەو وێرانی دەبات، ئەوانەی دەستە بژێری سیاسین تا سەر ئێسقان غەرقی گەندەلی و ناعەدالەتی و جەهل بونەتەوە، لە هەشتا ساڵی حوکمڕانی سوننە چیان بە کورد نەکرد، حوکمڕانی شیعە لە ئێران دەیبینیین ڕۆژانە لاوی کورد لە شەقامەکان دەکرێن بەداردا.

واز لە سیناریۆ هەڵبەستراوەکان بێنن، ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، لە جەزیرەی واق واقیش ناگوزەرێت، هەمووی دەبێ تەسلیمی ئیرادەی  کەمینەیەکی بیرتەسکی سەرو دەسەڵات بێت، تەنیا فۆکسی دەسەڵاتدارانی کوردستان سەنگەریان لێک گرتووەو خەریکی مل بادان و سڕینەوەی یەکترن،  عەقل غایبە،  ڕیسوایی و داوەشان بۆ ڕاوێژکارانی نزیک لە سەرکەردایەتییەکان دەگەڕێتەوە، ناوێرن سەرووی خۆیان ڕەخنە بکەن و بیان گێڕنەوە سەر خەت،هۆشداریان پێبدەن، تێیان بگەیەنن کامە ڕاستەو کامە نادروستتە، تەنیا خەمی ئەوانیش خۆتێر کردنە، لە ئێستادا ئەزموونی هەرێم لە لێواری داڕووخاندایە، ئەوەش خەون و پلانی داگیرکەرانە، لایەکی کوردستان سوپای تورکیا داگیری کردووە، پارەی فرۆشی نەوت و گاز دیار نییە، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و ناوخۆ دیارنییە، بودجە لە کورتییدایە، معاش لەکاتی خۆی نادرێت، فەزایەکی سیاسی نا تەندروستە، هاوڵاتیان بە کولەمەرگی دەژین، کۆمەلێک خەون و پلانی داگیرکەران لە لێواری بەدیهاتنن، سەرکردایەتی سیاسی کورد هۆشیارانە کار بکات، گوێ بە ڕاوبۆچوونی هاولاتیان وپسپۆڕان بدات بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە ناشەرعی و سەپێنراوە ، واز  هێنان لە پاشقوڵ لێکگرتن،  وەلانانی بەرژەوەندی حیزبی، واز  هێنان لە درۆو دووڕوویی، ئیرادەی تکایە چیتر ئیرادەو شکۆی تاکی کورد تێک مەشکێنن!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن