وتار

شەڕ بەرۆكمان بەرنادا!

10/20/2019 6:52:00 PM 105 جار خوێندراوەتەوە
سەردار قادر

 

لە هەر پارچەیەكى كوردستان بێت، لە هەر زەمەنێكدا بێت، ئەم وڵاتەى ئێمە هەمیشە شوێنگەى شەڕە، داواى مافى رەوامان بكەین چ دەوڵەت بێت یان ئۆتۆنۆمى هەر داوایەك بێت، وەڵام بۆ ئێمە شەڕە، جینۆ سایدكردنمانە.

لە زیهنى تاكى كورددا زاراوەكانى ئەنفال و كیمیایى و جینۆساید و رەو و شەڕ و تۆپباران و زۆرى تر هەن، بەڵام رێكکەوتن و ئاوەدان كردنەوە كەمتر ئەبینرێ.

لەو كاتەوەى هەین ئێمە پڕۆسەى بەردەوامى لەناوبردنمان و دابەشكردن و داگیركارى بۆتە قەدەرمان.
كوردبون واتە لەناوبردن، واتە راكە وا دوژمن هات، شاخەكان فریامان كەون، ساڵى گرانى و ساڵى رەوەكە و هەمو ئەوانە زەمەن بە ئێمە ئەناسرێت.
زەمەن لاى ئێمە هەمیشە ناسراوەتەوە بە كارەسات.

ئەوترێت سیاسەت بەرژەوەندییە، ئێمە هەرگیز نەبوینە بەرژەوەندیى بەردەوام نە خۆمان نە خاكمان نە سامانى سروشتى سەر زەوى و ژێر زەوییمان؟!
ئێمەى كورد شانازیمان هەمیشە بە قوربانیەكانمانەوەیە ؟؟؟

گێرانەوەكانمان بۆ نەوەكانى داهاتومان هەمیشە گێرانەوەى كارەسەتاكانە، قارەمانى چیرۆكەكانى ئێمە هەمیشە قوربانیى و سەرسەختى بینینە.

نەوەیەك بۆ نەوەیەك تەنیا ئازار و ماڵوێرانى بۆ جێ دێڵێ.
گەلى برادەران نەڵێن ئەمە روخانە ؟؟
نەڵێن ئەمە بێ ئومێدیە ؟؟؟
درێژترین لیستمان لیستى ناوى شەهیدەكانمانە !!!
یادەوەرى شەڕ و داگیركارى شەوچەرەى ئێمە گەرم ئەكات

مە قسەدى كەلام بمانەوێت یان نا، پڕۆسەى لەناوبردن و جینۆسایدكردنمان بەردەوامە، شاخەكانمان دۆستى هەمیشەییمانە.
بەرگرى و مقاوەمەت تاكە زامنمانە بۆ مانەوە.

مقاوەمەت بە هەر شێوازێك بێت، بە بەرگرى ئەمێنین، بە سیاسەتى حەكیمانە بۆ بونە بەرژەوەندى بەردەوام.

چ گوتارێكمان پێویستە ؟؟
شەڕ چەند ماڵ وێرانیە، بەڵام تاكە رێگە بوە بۆ مانەوەمان، پێویستمان بە پڕۆسەیەكە بۆ پەروەدەیەكى درێژ خایەنى تاكى كورد و گێڕانەوە ى كەرامەت بۆ تاكى كوردى وشیار.

تاكى كورد پێویستى بە گوتارێكى مەدەنى هەیە، كە دەستەمۆى بەرژەوەندى خێڵ و كاریزماى سەركردە نەبێت . كە حیزب نەبێتە ئامانج، بەڵكو ئیتر تاكى كورد ببێتە ئامانج.

ئەمانە وەهم نیە ئەمە قەدەرى ئێمەیە ، ئیتر كاتى ئەوە هاتوە كە تاكى كورد حاڵى خۆى باش بناسێت، كاتى ئەوە هاتوە حیزب و كاریزماى سەركردە و بنەماڵە كاڵ ببێتەوە ئیتر زەمەنى بەهادانە بە تاكى كورد.

زەمەنى مقاوەمەى گشتییە. زەمەنى گوتارى هاوبەشە بۆ هەڵوێستى هاوبەش.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن