وتار

سیاسەت و وونبونى خەونەكان

11/11/2019 2:47:00 PM 359 جار خوێندراوەتەوە
سەردار قادر

هەموان خەریكى سیاسەتین بە چاك یان خراپ بەشێكین لە پرۆسەكە ، زۆربەمان شانازى ئەكەین بە رابووردومان ، پیشە سیاسەت لە ناو كۆمەڵگەدا توێژێكى فراوانە .
مێژوو مێژووى سیاسیەكانە ، هەموان خۆمان بە خاوەنى سەركەوتنەكان ئەزانین ، شكست ئەبرین بە باڵاى بەرامبەرەكانمان .
كەمترین كەس لە گێرانەوەى یادوەریدا خۆى بەلاى شكستدا ئەبات ، خودى كەسەكان تانوپۆى سەركەوتنەكانن ؟؟
كەسێك نەهات و بڵێت من بەشێك بووم لە شكست و داوایەكى راستگۆیانە ى لێ بووردن بكات .
هەموو هەر قارەمانن و ئەوانى تر شكستیان دروست كردووە.
سیاسەت كردن  گەر پێش راپەرین بەشێك بووە لە ئەرك بینین بەرامبەر خاك و ووڵات و خەڵك ئەوا لە دواى راپەرینەوە سیاسەت كردن بۆ زۆرینەیەك بۆتە بژێوى ژیان .
لەو كاتەوەى پۆست دروست ئەبێت ئیتر سیاسەت كردن ئەبێتە ئامانج بۆ بژێوى ؟؟
سێ وەچە دێنە نێو دونیاى سیاسەتەو ە:
* وەچەى تێكۆشەرى دێرین كە تەمەنیان باڵاى كردووە و هیلاكى خەبات و تێ كۆشانن ، زۆرینەیەك لەم تێ كۆ شەرانە هەوڵ ئەدەن بەرەكەتى خەباتیان بگوێزنەوە بۆ وەچەكانیان ، هەوڵیانە كە مناڵ و كەسو كارى نزیكیان لە ترۆپكى دەسەڵات ببینرێن و لە پۆستى جیاوازدا بەشیان هەبێت ، هەوڵیانە كە بنەماى دەسكەوتى ئابوورى و دارایى بۆ وەچەى دووەم فەراهەم بكەن .
*وەچەى دوومى سیاسیەكان كە تەمەنیان بە بەریەوە ماوە بۆ بەشدارى سیاسەت ، زۆرینەیەك لەمان وەك ئەووترێت هاتوون و بۆ ئەوەى نەرۆن ، بەردەوامن لە پۆستەكانیان لە هەمان كاتیشدا هەوڵیانە بۆ دەستەبەر كردنى پلەو پایە بۆ نەوەكانیان و بنەماڵەو كەسوكاریان ، كار ئەكەن لەسەر بە دیهێنانى پۆست و لەولاشەوە میدیاى حیزبى ئەگرنە دەست و چەند میدیاكى سێبەریش ئەكەنە وابەستەى خۆیان .
ئەم وەچەیە بە ئاشكرا یان نهێنى وابەستەى شەراكەتى كارى بازرگانى ئەبن و لەگەڵ ئەم كۆمپانیاى حیزبى و یان كەرتى تایبەت .
ئەم وەچەیە رایەڵەى جیاواز دروست ئەكەن لە گەڵ دەنگە جیاوازەكان ، هەندێ كەسێتى ناو شەقام وابەستەى خۆیان ئەكەن و ئاساییە لایان وەك قسەى ناو شەقامیش بكەن .
ئەم وەچەیە بارگرانى گەورەن بەسەر حیزبەوە هەمیشە هەن بۆ دەستكەوت ، لیستى پەرلەمان ئەبێت خۆیان یان كەسى بنەماڵەى تێدا بێت ، خۆ پۆستە حكومیەكان ناكرێت و نا بێت ئەمانى لێ بێ بەرى بكرێت ، ئەمە بۆ وەچەى نێو حیزبى دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆنیش هەمان شێوەیە .
ئەم وەچەیە لاى ئاساییە سەنگەر گواستنەوە هەر نەبێت لەم تەكەتوولەوە بۆ ئەوەى تریان ، لە كوێ پەرژەوەندى هەبێت ئەمان لەوێ هەن .
ئەم وەچەیە كارى بازرگانى و میدیایەك و هەندێ هێز و عەشرەتێك و ئەكەنە بەرنامەى كارى سیاسیان .
*وەچەى نەوەى دواى راپەرین :
زۆرینەیەكە زۆرى ئەم وەچەیە سیاسەت لاى بۆتە پژێوى ژیان ، كەمتر بە ها ئەبینرێت ، پەیوەندیان زۆرە لەكەڵ وەچەى دووەم ، هەمیشە هەن و قسەكەرى باشن لەسەر كەیسى جیاواز ، میدیا رووبەرێكى گەورەى كاریانە ، دروست بوونى ئەستێرە بۆ خودى خۆیان كارى سەرەكیانە .
تەكەتوول لایان رەوگەیە بۆ فەراهەم كردنى داهاتوویان ، باڵ باڵێن ئیشى گەورەیانە .
سیاسەت و خەونى راستى بەرەو كوێ؟
ئیتر سیاسەت مەدارەكان زۆرینەیان بەو جۆرە بن ئەكرێت خەونى بەهاى جوان لە كوێدا جێ ى بێتەوە ، سیاسەسیەكان لاى تاكى كوردى دەموچاوى بێزراون ، بوونەتە مۆتەكەو لە خەونیشدا وازناهێنن .
ماف و ئەرك دوو ماناى تێكەڵ بوون ، دوو حاڵەتن كە جیا ناكرێنەوە ، مافى ئاسایى هاووڵاتى بە سەدەقە ئەفرۆشێتەوە بە هاووڵاتى .
لە قەیراندا ئەركى هاووڵاتى گەورە ئەكرێت ، پاشەكەوتى موچە بە زۆر ئەسەپەنرێت ، بەسەر مووچە خۆرانى ووڵاتدا بەس بۆت نیە باس لە داهاتى ووڵات بكەى .
خەزێنەى سەركردەكان پرترن لە
 خەزێنەى حیزب ، هى حیزبیش پرترە لە خەزێنەى حكوومەت ، تاكە بەتاڵى گیرفانى هاووڵاتیە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن