دادگا لە بارەى سیروانى کوێخا نەجمەوە بڕیاریدا
11:45 - 11/09/2019
"تایبەت بە زەمەن"
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە بڕیاری دادوەر سیروان
کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئازادکرا.
شێرکۆ خالید پارێزەری سیروان کوێخا نەجم ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دیجیتاڵ میدیای "زەمەن" ڕایگەیاند، لەلایەن دادوەرەوە بڕیاردراوە سیروانی کوێخا نەجم بە کەفالەت ئازاد بکرێت.
سەبارەت بەو ماددەیەى کە سیروانى کوێخا نەجمى پێ دەستگیر کرابوو، پارێزەرەکەى رایگەیاند: ماددەکە تایبەت بووە بە رفاندن (بێ بە ئەوەى وردەکارى دۆسییەکە ئاشکرا بکات).
پێشتر، خەیروڵا کوێخا شەریف، کەسایەتی ناوداری شوان، بە دیجیتاڵ میدیای "زەمەن"ی راگەیاندبوو: لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی ناوداردا، سەردانی ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حزبەیان لە کەرکوک کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی لەگەڵ سیروان کوێخا نەجم، ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە و پێشتریش دوو جاری تر بۆ هەمان مەبەست سەردانیان کردووە.
وتیشی، ئاسۆ مامەند، بڕیاریداوە، لە تەواوی مافەکانی خۆی خۆش ببێت کە لەسەر سیروانی کوێخا نەجم هەیەتی و تەنها هەندێک شتی وردە ماوە کە بەجێی هێشتووە بۆ یاسا و رێکاری یاسای خۆی وەربگرێت.
دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی 25-8-2019 بە ماددەی 421/31 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سیروانی کوێخا نەجم دەرکردووە، لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی چالاکییەکانی دژەتیرۆر.
پێشتریش ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، لەبارەی دەستگیرکردنی سیروان کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند: تومەتباره به كێشەیەک كه دەتوانێت وەك هەر هاووڵاتییەکی دیکەی ئەم هەرێمە بچێته بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە و بەرگری له خۆی بكات.