وەزیری کۆمەڵایەتى سکاڵا لەسەر ڕاوێژکارێکی وەزارەتەکەى تۆمار دەکات
10:44 - 10/07/2025
زەمەن پرێس:
کوێستان محەمەد وەزیری کار و
کاروباری کۆمەڵایەتی: ئێمە پەرێزمان پاکە و لە گەندەڵییەوە
نەگلاوین دەرگای دادگای لێ دەگرین و دواتریش
تا سزادان و قەرەبووکردنەوە لێی بێ دەنگ نابین بانگهێشتی دەستەی چاودێریی دارایی و
دەستەی دەستپاکی ئەکەین
نوسینگەی کوێستان محەمەد وەزیری کار
و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمەتەکانی فوئاد سدیق راوێژکاری خانەنشینکراوی وەزارەتەکە
لەبارەی تێوەگلانی وەزیر لە گەندەڵی رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، دەرگای دادگای لێ
دەگرین و داوای سەلماندن و دواتریش تا سزادان و قەرەبووکردنەوە لێی بێ دەنگ نابین.
دەقی روونکردنەوەکە:
ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارو
کاروباری کۆمەلایەتی یەوە ..
کەسێک بەناوی (فوئاد سدیق)، کە دوای
جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، بە پلەی ڕاوێژکار لە وەزارەتمان خانەنشین
بو، وتارێکی پڕ لە تۆمەت و چەواشەکاری و ناڕاست و بێ بنەمای لەسەر جەنابی وەزیرو و
وەزارەت نوسیوە و چەند دامەزراوەیەکی میدیایش بۆیان بڵاوکردووەتەوە.
بۆ یەکلاکردنەوەی ڕاستیەکان پەنا
دەبەینە بەر دادگا، بەڵام ڕاستیەک هەیە پێویستە پێش دادگا بیڵێین؛ ئەو کەسە دوای
خانەنشین بووی داوای کرد ئوتومبێلێکی پێی بدرێت، جەنابی وەزیریش لەڕوانگەی
بەرپرسیارێتی و خراپ بەکارنەهێنانی دەسەڵات داواکەی ڕەتکردەوە، لەکاردانەوەی ئەو
حاڵەتە ئەم ڕاوێژکارە خانەنشینە چەند جارێکە سەنگەری لە جەنابی وەزیر و وەزارەت
گرتوە و دەستی گەندەڵی خۆی بە ئێمە دەسڕێت.
سەبارەت بەو بڕگەیەی کە نووسیویەتی
گوایە جەنابی وەزیر چوار ئۆتۆمۆبێلیان لایەو یەکێکیانیان تەرخانکردوە بۆ کوڕەکەی،
دووپاتی ئەکەینەوە کە لەم بڕگەیەدا دوو زانیاریی هەڵە هەیە کە ئەچنە خانەی تۆمەت و
بووختان ئەویش ئەوەیە کە جەنابی وەزیر تەنها دوو ئۆتۆمۆبیلیان لایە یەکێکیان
تایبەت بە خودی وەزیرو ئەوی تریان تایبەتە بە پاسەوانەکان، هیج ئۆتۆمۆبێلێک تەرخان
نەکراوە بە مناڵەکانی، ئەگەر ناوبراو ئەوەندە دڵنیایە لەزانیاریەکەی با بەبەڵگە ژمارە
و جۆر و ناوی ئەو ئۆتۆمۆبیلەی بڵاو بکاتەوە.
سەبارەت بە بەشی خامەی نهێنی بەشێکی
پەیڕەکراوە لەناو سیستەمی کارگێڕی و فەرمانڕەواییدا بە وڵاتە دیموکراسی و
پێشکەوتووەکانیشەوە بوونی ئەم یەکەیە لەوەزارەتەکەمان لەداهێنانی وەزیر نیە پێش
ئەو و دوای ئەویش ئەو بەشە بەردەوام ئەبێت و لەهەموو ئەنجوومەنی وەزیران و
وەزارەتەکانیشدا هەیە، بوونی ئەو بەشە ئاماژە نیە بۆ بوونی گەندەڵی، بەڵکو گەندەڵی
ئەبێت بە بەڵگە بیسەلمێنیت نەک بە داتاشینی بووختانی بێ بنەما و ناراست.
بەدەر لە داوای یاسایی، ئێمە دوو
ڕیگای تریش ئەگرینەبەر بۆ ڕەتکردنەوە و ساغکردنەوەیی بووختان و زانیاریە هەڵەکانی
ئەویش بانگهێشتی دەستەی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی ئەکەین، بە ناردنی
لیژنەی تایبەتی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداجوون لەسەر ئەو بووختانانە و
ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی بۆ میدیاکان و رای گشتی.
ئیمە لەکاتێکدا، تۆمەتەکانی
ڕەتدەکەینەوە و ئەزمون و مێژو شاهێدە ئێمە پەرێزمان پاکە و لە گەندەڵییەوە
نەگلاوین، لەهەمانکاتدا بە چەند سکاڵایەک دەرگای دادگای لێ دەگرین و داوای
سەلماندن و دواتریش تا سزادان و قەرەبووکردنەوە لێی بێ دەنگ نابین.
هاوکات، ئەم کەیسە پرسێکی جدییە، بە
ئەندازەی بێباکی ئەو کەسە و سانایی ئەو دامەزراوانەی بۆی بڵاودەکەنەوە، ئەبێ
بەرپرسیارێتی قانونی هەڵبگرن.
نووسینگەی وەزیری
کارو کاروباری کۆمەڵایەتی
١٠ی تەموزی ٢٠٢٥