327 ئابوری

سەرباری بێمووچەیی.. نرخی مریشك بەرزبوەوە

11:42 - 10/07/2025

زەمەن – هەرێمی كوردستان

 

 سەرباری بێمووچەیی و دواكەوتنی بۆ زیاتر لە 70 رۆژ، نرخی مریشك بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە (3) هەزارو 300 تا سێ هەزارو 500 دینار دەفرۆشرێ و  لە هەولێریش بە هەمان نرخە.

توانا عوسمان فرۆشیاری مریشك لەگەڕەكی "سەروەری" شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ "زەمەن" بەرزبونەوەكەی بۆ دوو هۆكار گەڕاندەوە؛

 یەكێكیان خواستی خەڵك بۆ كڕینی مریشك زیادیكردووەو خەڵك بەهۆی گرانیەكەیەوە كەمتر پەنا بۆ گۆشتی حەیوان دەبات.

هۆكاری دووەمیش مریشكی دەواجینەكانی هەرێم دەڕوات بۆ ناوەراست و خواروی عێراق و لەوێ خواست لەسەری زۆرە.

 بەراورد بە مانگی رابردوو، کیلۆیەک مریشکی زیندوو نزیکەی ١٠٠٠ دینار بەرز بووەتەوە.

 پێشتر فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە "زەمەن"ی ڕایگەیاند: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ کەمبوونەوەی بەرهەمە، پێشتر لە پەلەوەرخانەکان کیلۆیەک مریشک بە ٢٠٠٠ دینار بوو، ئەوەش زیانی بە خاوەنەکانیان گەیاند و بەهۆیەوە بەشێکیان بەرهەمهێنانیان راگرت، ئێستا بەرهەم کەمە و کەمێک نرخ بەرزبووەتەوە."
وتیشی: پێگەیاندنی هەر کیلۆیەک مریشکی زیندوو ٢٢٥٠ دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن