سودانی جدییە بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
02:59 - 10/07/2025
زەمەن:-
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، سودانی جدییە لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چاوەڕێی لیژنە وزارییەکەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٥، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەکاتی سەردانی بۆ مەزاری مەلا مستەفا بارزانی بە میدیاکانی پارتی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیران بۆ گفتوگۆی چەند پرسێك هاتووەتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان كۆبووەتەوە و دەیانەوێت بەگوێرەی دەستوور و یاساكان رێگەچارەیەكی جدی بۆ چارەسەری كێشەكان بدۆزرێتەوە.
دەشڵێت، وەك حكومەتی عێراق و بەتایبەت محەمەد شیاع سودانی سوورە لەسەر ئەوەی كێشەكانی چارەسەر بكرێت كە سەرەكیترینیان كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە کە لەڕێی لیژنە وزارییە باڵاکەکەوە بەزووترین كات چارەسەر بكرێت.