17وتار

لەیەك کاتدا، هەموو پێکەوە و هەریەك بەجیاش فشار لەباشووری کوردستان دەکەن

7/6/2025 2:12:00 PM
د.نیکۆلا ئەشرەف شاڵی

هەریەك لە (تورکیا و ئێران و عێراق) هەموو پێکەوە و هەریەك بەجیاش، بەمیکانیزم و شێوازی جیاواز فشارێکی زۆریان خستۆتەسەر هەرێمی کوردستان بەمەبەستی لاوازکردنی قەوارەکەی و پەکخستنی حکومەتەکەی تائاستی هەڵوەشاندنەوەی.

لەم قۆناغەدا فشارەکان هەمەجۆرن هەندێکیان ڕاستەوخۆ وڵاتەکان خۆیان بەدەستێوەردان ئەنجامی دەدەن نمونەی تورکیا و عێراق، وە هەندێکی تریان ناڕاستەوخۆن لەڕێگەی حکومەتی ناوەندی عێراق یان گروپە میلیشیاییەکانەوە یان بەکرێگیراوەکانیان ئەنجامی دەدەن لەنمونەی ئێران. وە هەندێك جاریتر هەر سێ وڵات هەردوو شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگرنەبەر.

فشارەکان:

 - بەشێکیان سەربازییە لەنمونەی جوڵاندنی هێز بۆ بیرە نەوتەکانی گەرمیان بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنی وەك ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو حکومەتی ناوەندی عێراق ئەنجامیدا و هێرشی درۆنەکان و هاویشتنی موشەك و بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر و کەرکوك..هتد لەلایەن گروپە میلیشیاییەکانی حەشدی شەعبی و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ئێران.

- ئابوورییە، بۆ خنکاندنی هەرێم و دروستکردنی ناڕەزایی ناوخۆیی کە گرنگترین فاکتەرە بۆ خستنی دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت لەوانەش نەناردنی مووچە تەنانەت دوای ڕێکەوتنی هەرێم و بەغدا.

-مەدەنییە، لەڕێگەی جوڵاندن و ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندان بۆ نمونە خۆپیشاندانەکانی بەناو تورکمانەکانی پردێ بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك.

-یان ئەوەتا فشارەکە سیاسییە لەڕێگەی قوڵکردنەوەی ململانێی ناوخۆیی و جوڵاندنی جاش و خۆفرۆشەکانی کورد دژ بەهەرێم و حکومەتەکەی وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین..هتد.

بەڵام دەرەنجام، هیچ یەکێك لەو فشارانە بەردەوام نابن و قەوارەی دەستوری باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) و حکومەتەکەی وەك خۆی دەمێنێتەوە و لەقۆناغی ئایندە بەهێزتر دەبێت.

تێبینی؛
-لە داهاتوو قسە لەسەر دۆسێیەکانی (مووچە و بەنیشتیمانی کردنی، نەوت ، ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم) دەکەم.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن