ڕاوێژکارێکی سودانی: باجی گومرگی 30%ـی ئەمریکا نەوت ناگرێتەوە
10:30 - 10/07/2025
زەمەن پرێس:
راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت،
پەیامی سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر عێراقدا بەرێژەی 30%
گەشبینی هەڵگرتووەو دەچێتە خزمەتی پەرەپێدان و هاندانی دەرفەتی پەیوەندی بازرگانیی
و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
موزهیر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك
وەزیرانی عێراق رایگەیاند: عێراق جگە لە هەناردەی نەوتی خاو كە لە 200 هەزار
بەرمیلی رۆژانە تێپەڕناكات و بەهای ساڵانەی نزیكەی 4.5 ملیار دۆلارە (كە ئەویش لە
بنەڕەتەوە خۆی لە لیستی باجەكانی سەرۆك ترەمپدا بواردنی بۆكراوە)، هیچ هەناردەیەكی
راستەقینەی تری نییە بۆ ئەمریكا كە شایستە ئەوە بێت رێژەی 30% باجی بەسەردا
بسەپێندرێت وەكو ئەوەی لە پەیامەكەی سەرۆكی ئەمریكادا هاتووە بۆ حكومەتی عێراق.
ئاماژەى بەوەکرد، بەپێچەوانە عێراق هاوردەی
مەدەنی ستراتیژیی و گرنگی هەیە لە ئەمریكاوە، بەڵام لە ساڵانە لە 1.5 ملیار دۆلار
تێپەڕ ناكات، لەوانە پارچەی یەدەگ، ئامێری ورد، كەلوپەلی ئەندازیاریی و كارەبایی،
فڕۆكەی مەدەنی، ئامێری دیجیتاڵی، خزمەتگوزاری ئاست بەرزی لۆجستی، هەندێك كاڵای
كشتوكاڵی هەناردەكراو و؛ ئۆتۆمبیل كە ئێستا لە بازاڕی عێراقیدا بەهۆی پتەوی و
پێشكەوتنیانەوە لەڕووی تەكنەلۆژییەوە داواكاریی زۆریان لەسەرە.
راوێژکارەکەى سودانى باسی لەوەشکرد، پەیامەكەی
كۆشكی سپی بۆ حكومەتی عێراق ئاماژەیە بۆ كردنەوەی ئاسۆیەكی فراوانتری هاوكاری
بازرگانی و ئابوری و وەبەرهێنان لەرێگەی دەروازەی هاندتتنی هاوردەكردنی كاڵای
ئەمریكی، كە ئەوەش پێویستی بە پرۆسەیەكی بەردەوام و جێگیر هەیە لە پەرەپێدانی
هاوردەی جۆریی لە وڵاتێكی دۆستەوە، كە لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتەكەمان لە بواری
گەشەپێدانی بەردەوامدا بگونجێت، بەتایبەتیش لە بوارەكانی وزەی نوێبووەوەو
تەكنەلۆژیاو كاڵای بەكاربەری كوالیتی بەرز.