57 جیهان

سێ زانای ئەمریکی و ئەڵمانی خەڵاتی نۆبڵی پزیشکییان بۆ 2026 بردەوە

02:56 - 05/10/2026

زەمەن:-

 

هەریەک لە پزیشکانی دەروونی و دەمارناسی (کارل دایسێرۆت)، (پیتەر هێگێمان) و (جۆرج ناگڵ) خەڵاتی نۆبڵی پزیشکییان بردەوە. خەڵاتەکە لە پاری کارەکانیان بوو لە بواری (ئۆپتۆجینێتیکس). 

ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دایسێرۆتی ئەمریکی، هێگێمان و ناگڵی ئەڵمانی، کە دکتۆری دەروونی و دەمارناسین، نۆبڵی پزیشکیی 2026ـیان بردەوە. خەڵاتەکە بۆ کارەکانیان بوو لە بواری (ئۆپتۆجینێتیکس)، کە تەکنیکێکی پێشکەوتووی زیندەزانی و دەمارناسییە، تیشکی رووناکی بەکاردەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی چالاکیی خانە زیندووەکان، بەتایبەتی خانە دەمارییەکانی مێشک.

ئەم بوارە زانستییە یارمەتیی توێژەران دەدات تێبگەن چۆن جۆرە دیاریکراوەکانی خانە لە رەفتارەکانی وەک فێربوون، ترس، ئالوودەبوون و جووڵەدا بەشدارن. 

پێشبینیش دەکرێت، ئەم کارە لە داهاتوودا ببێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییە دەماری و هەستەوەرییەکانی وەک پارکینسن (تێکچوونی سیستمی جووڵەی جەستە) و فێ، هەروەها لە پزیشکیی کلینیکیدا بەکاردەهێنرێت بۆ هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی بینایی بۆ ئەو کەسانەی کێشەی بینینیان هەیە.

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئۆپتۆجینێتیکس تێگەیشتنی مرۆڤی بۆ مێشک بەتەواوی گۆڕیوە و رۆژانە دۆزینەوەی نوێ دەهێنێتە ئاراوە، کە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە گەورەترین مەتەڵەکانی مرۆڤایەتی کە ئەویش چۆنیەتیی کارکردنی مێشکە سەرسوڕهێنەرەکەمانە."

بڕیارە رۆژی 10ـی کانوونی یەکەم (لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە)، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە شاری ستۆکهۆڵم، لەلایەن کارل گوستاڤی شازدەیەم، پاشای سوێدەوە خەڵاتەکان پێشکێش بە براوەکان بکرێن کە بریتین لە بڕوانامەیەک، مەدالیایەکی زێڕ و چەکێکی بانکی بە بڕی 1.2 ملیۆن دۆلار.

بەپێی خشتەی راگەیاندنی خەڵاتەکان، بڕیارە رۆژی سێشەممە براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا، رۆژی چوارشەممە نۆبڵی کیمیا و رۆژی پێنجشەممەش نۆبڵی ئەدەب رابگەیێندرێن.

بەڵام چاوەڕوانکراوترین خەڵات، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە کە تاکە خەڵاتە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دەبەخشرێت و رۆژی هەینی رادەگەیێندرێت. 

پار ئەم خەڵاتە درایە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا کە دواتر بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی ماچادۆ مەدالیاکەی پێشکێش کردووە.

بۆ ئەمساڵیش چەندین ناو و رێکخراو بۆ خەڵاتی ئاشتی بەربژێرن، لەوانە رێکخراوی منداڵپارێزی، ژوورەکانی وەڵامدانەوەی فریاگوزاری لە سوودان و لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان.

دواین خەڵاتیش کە خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئابووری، لە رۆژی 12ـی تشرینی یەکەمدا رادەگەیێندرێت و بەوەش وەرزی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەم ساڵ کۆتایی دێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن