نرخی ئارد بەرزبووەوە
02:57 - 13/10/2026
زەمەن_هەواڵ
بەرزبووەنوەی بەهای دۆلار، نرخی ئاردیشی بەرزکردوەوە و فەردەیەک ئارد لە بازاڕەکانی عێراق ئێستا بە ٤٠ هەزار دینارە.
ئەم بەرزبوونەوەیە قەیرانێکی گەورەی بۆ خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان دروستکردووە، بە جۆرێک بەشێکیان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر نرخەکان بەم شێوەیە بمێننەوە، ناچار دەبن کارەکانیان رابگرن و شوێنەکانیان دابخەن، هاوکات لەگەڵ ئارد، شەپۆلی گرانبوونی کاڵاکان تەواوی پێداویستییە خۆراکییەکانی دیکەشی گرتووەتەوە و تێچووی بژێویی هاووڵاتییانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لە بەغدا و بەتایبەتی لە دیوی رەسافە بە روونی رەنگی داوەتەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا هەندێک لە سەمونخانەکان بۆ رێگریکردن لە زیانی زیاتر پەنایان بۆ بچووککردنەوەی قەبارەی سەمون بردووە، یان لەبری پێدانی 6 سەمون، تەنیا (٥) سەمون بە ١٠٠٠ دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشن.