وەزیری ژینگەی عێراق: بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەکان بۆ ناو دیجلە، دوودڵم لە خواردنی ماسی
03:33 - 11/10/2026
زەمەن_هەواڵ
لێدوانێکی سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق سەبارەت بە فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەکان بۆ ناو روباری دیجلە بەبێ هیچ چارەسەرێک، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
سروە عەبدولواحید وەزیری ژینگەی عێراق لە میانی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئاگاداری ئەو پاشماوە و ماددە پزیشکیانەی کە دەکرێنە ناو روبارەی دیجلەوە، ئێستا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکات و دوودڵە لە خواردنی ماسی.
روونیشیکردەوە، بەشێک لەو پاشماوانەی دەکرێنە ناو دیجلەوە بریتین لە پاشماوەی نەخۆشخانەکان و پاشماوەی خوێنی نەخۆش، کە رەنگە هەندێکیان هەڵگری نەخۆشی مەترسیداری وەک ئایدز بن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا هاوتا بووە لەگەڵ مەترسی پیسبوونی هەردوو روباری دیجلە و فورات و داوای کرد سزای توندتر بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنرێت، هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر میکانیزمەکانی ئێستای چارەسەرکردن بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا بەشێک لە گوند، لادێ و تەنانەت شارەکانیش بۆ ژیانکردن شیاو نامێنن.
پێشتریش لە ٢٤ی ئەیلوولی رابردوودا، وەزیری ژینگە هۆشداری دابوو لەوەی عێراق رووبەڕووی "کارەساتێکی ژینگەیی راستەقینە" بووەتەوە، ئەوەش لە سایەی بەردەوامیی پیسبوونی ئاو و هەوادا. هاوکات جەختی لەوە کردبووەوە کە وەزارەتەکەیان بەنیازە سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو بەرپرس و لایەنانە تۆمار بکات کە هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە، بەتایبەتی ئەو دامەزراوە حکومییانەی کە بە وتەی ئەو، بەدەم داواکارییەکانی وەزارەتی ژینگەوە ناچن.