عێراق مەرجی بۆ کۆڕەک تلیکۆم دانا
11:53 - 01/10/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆکى دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق ڕایگەیاند: دووبارە کارکردنى کۆڕەک تێلیکۆم مەرجدارە بە دوو ڕێکار و سێیەمى نییە ئەوانیش بریتیین لە پێشکەشکردنى ئەستۆپاکى باج و پێدانى 500 ملیار دینار بە دەستەکەیان کە یەک لەسەرچوارى شایستەکانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەلیغ ئەبوکەلەل، سەرۆکى جێبەجێکارى دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، دۆسییەى کۆڕەک دۆسیەى پەیوەندییەکان، لە ڕووى رێکخستن و مۆڵەتێدان و ئیدارەدانى فریکوێنسەکان، دۆسیەیەکى فیدراڵى خاوەن مەرجەعییەتى نیشتمانییە، هەرێمى کوردستان و تەواوى پارێزگاکانى عێراق دەگرێتەوە، بە پشت بەستن بە دەستوور و یاسا.
دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق داوای لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى هەرێمى کوردستان کرد، لە چارەسەرکردنى بابەتەکە بەشداربن.
دەشڵێت: دۆسیەى کۆڕەک تێلیکۆم، بە ڕەهایى دۆسیەیەکى هونەرى و داراییە نەک سیاسى، هۆشداریشى دایە کۆمپانیاکانى پەیوەندى کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن و مۆڵەتیان نییە، بە پێویستیزانى دەستپێشخەریی بکەن بۆ چاککردنى دۆخى یاساییان بەر لە کەڵەکەبوونى کێشەکان و فراوانبوونى لێکەوتەکانیان.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە ٩ـى ئابى ڕابردوو، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کارەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەرى عێراق.