نرخی بلیتی فڕۆکە لە کوردستان فڕی-وە
04:43 - 10/05/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی، ڕایگەیاند: "لە داهاتوودا نرخی بلیتی فڕۆکە زیاتر بەرز دەبنەوە"، لە کاتێکدا لە ئێستادا بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ دوو هێندە زیادی کردوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، عەتا ئەنوەر سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی فڕۆکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "لە دوای جەنگەوە کە نرخ بەرزبووەتەوە هێشتا بەرزە و دانەبەزیوە، لە هەمان کاتدا بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە گەشتیش کەم بووەتەوەو خەڵک گەشت ناکات، فڕۆکەش ناتوانێ لەم دۆخەکەدا بە ٥ گەشتیارەوە گەشتەکانی بکات و هێڵەکان کەمبوونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، پێش جەنگ بلیتی فڕۆکە لە سلێمانییەوە بۆ ئیسپانیا بە ترانزێت بە ٤٥٠ دۆلار بوو، ئێستا بە ٦٥٠ دۆلارە. بلیتی هاتن و چوونی تورکیا بە ١٥٠ دۆلار بوو، ئێستا بە ٥٦٠ دۆلارە"، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی وا دەڵێت.
باسی لەوەشکرد، "بەرەو وەرزی گەشتیاری دەچین، کە ساڵانی ئاسایی لەم کاتەدا نرخ بەرز دەبێتەوە، بۆیە بەهۆی وەرزەکە و دۆخی ناوچەکەش، پێشبینی دەکرێ نرخی تیکتی فڕۆکە زیاتر بەرزبێتەوە".
بەر لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ و دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نرخی گاڵۆنێك بەنزینی فڕۆکە کە ٣.٨ لیترە، لە نێوان ٢ بۆ ٤ دۆلاردا بووە، بەڵام لە دوای ٢٨ شوبات تا ئێستا نرخەکەی لە نێوان ٥ بۆ ٧ دۆلاردایەوە.