7 کوردستان

پلە بەرزکردنەوە دەست پێدەکاتەوە

01:28 - 11/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتەکەی بۆ ساڵانی (٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤) ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی ئایاری ٢٠٢٦، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆریان داوە تا ئەم پڕۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەن.

دەشڵێت: ئامانجی ئەم پلەبەرزکردنەوەیەش وەک پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئەفسەرانی پێشمەرگە تا بە ورەیەکی بەرزترەوە لە ئەرکەکانیان بەردەوام بن و دڵنیایی دایە ئەو ئەفسەرانەی ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە کە بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت.

لەلایەکی دیکەوە، لیوا هۆشمەند ڕەشید، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میرە ئاماژەی بەوەدا، فەرمانی پلەبەرزکردنەوەکە گەیشتووەتە وەزارەت و ڕێکارەکان تەواو کراون، کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەران دەگرێتەوە و خشتەکە پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم کرابوو و مەرسومی بۆ دەرچووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە بەپێی یاسای ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە ٣٨ی ساڵی ٢٠٠٧، پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە بەپێی پلەکانیان لە نێوان (٣ بۆ ٦) ساڵ جارێکدایە و بەهۆیەوە مووچە و ناونیشانی سەربازییان بەرز دەبێتەوە. ئەم پڕۆسەیەش ساڵانە لە دوو خشتەی (نەورۆز و ئەیلوول)دا ڕێکدەخرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن