بەپەلە.. 14 پۆلیس بەیەكەوە گیانیانلەدەستدا
04:18 - 10/05/2026
زەمەن_هەواڵ
ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بنكەیەكی پۆلیسی پاكستانی كردە ئامانج و بەهۆیەوە ١٤ ئەفسەری پۆلیس گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری پۆلیسی پاكستانەوە رایگەیاند: ئئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بنكەیەكی پۆلیسی پاكستانی كردە ئامانج و بەهۆیەوە بنكەكە بەتەواوەتی داڕوخاو 14 ئەفسەری پۆلیس گیانیان لەدەستدا، هاوكات ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیش سووتان و زیانیان بەركەوت.
لەلایەكی دیكەشەوە سەجاد خان، لێپرسراوی پۆلیسی پاكستان، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: تەرمی 14 ئەفسەرەكە لەژێر دارو پەردوی بنكەكەدا دەرهێنراون و سێ كارمەندی دیكەش بەبرینداری دۆزراونەتەوەو بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
هاوكات لێپرسراوێكی دیكەی پۆلیسی ئەو وڵاتە، كەنەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بەئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە: هێرشكەرەكان بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە خۆیان بەناو بنكەكەدا كردووە، دواتر تەقەیان لەو پۆلیسانە كردووە كەبۆ بەهاناوەچوونی پۆلیسەكانی ناو بنكەكە چوون لەبۆسەیەكدا ژمارەیەك پۆلیسیان كوشتووە، هەر لەهێرشەكەشدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بەكارهێناوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، پاش رووداوەكە، هاوپەیمانییەكی چەكداری ناسراو بە ئیتیحادل موجاهدین، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە راگەیاند.