پەرلەمانتارێكی پارتی: سیڤی وەزیرەكانمان رادەستی زەیدی كراون بەڵام نازانین كێن
04:20 - 10/05/2026
زەمەن_هەواڵ
پەرلەمانتارێکی
پارتی ڕایگەیاند: سیڤی کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراق
رادەستی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، عەلی زەیدی کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە،
١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ و بەشداریی کورد لە
کابینە نوێیەکەی عێراق وتی: پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی
ئاوەدانکردنەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت پشکی حزبەکان لە چەند
کاتژمێری داهاتوودا گۆڕانیان بەسەردا بێت.
ئەو پەرلەمانتارە
دەشڵێت: پارتی ناو و سیڤی کاندیدەکانی بۆ ئەو سێ پۆستە رادەستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی
راسپێدراوی عێراق کردووە؛ "بەڵام نازانین کاندیدەکان کێن و زانیاریمان نییە".
دووبەردانی
ئاماژەی بەوەش دا، هەر لایەنێکی سیاسی سێ سیڤی بۆ هەر پۆستێک رادەستی عەلی زەیدی
کردووە و خۆی یەکێکیان هەڵدەبژێرێت. گوتیشی "زەیدی نایەوێت هیچ وەزیرێکی کابینەی
پێشووی سوودانی لە کابینە نوێیەکەدا دابنێتەوە و چەند ناوێکی رەتکردووەتەوە؛ ئەمەش
کێشەی لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەت دروست کردووە".
لەبارەی بەڕێوەچوونی
دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەی عەلی زەیدی؛ ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەی
خستە روو، لە چەند پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعەکانەوە زانیویانە، کێشە لە نێوان هێزە
سیاسییەکاندا دروست بووە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. گوتیشی "ئەگەر ئەمڕۆ
کێشەکە چارە بکرێت، سێشەممەی داهاتوو، ١٢ی ئایار یان چوارشەممە، ١٣ی ئایار، پەرلەمان
بۆ متمانەدان بە کابینەکە کۆدەبێتەوە؛ ئەگەر نا، دەنگدانەکە دوادەخرێت و دەچێتە
دوای جەژنی قوربان، چونکە بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران دەچنە حەج".
دووبەردانی باسی
لەوە کرد، ئەگەر دەنگدان بە کابینە نوێیەکەی بچێتە دوای جەژنی قوربان، لە رووی دەستوورییەوە،
٣٠ رۆژەکەی بەردەستی عەلی زەیدی تەواو دەبن و زەحمەتە بتوانێت حکوومەتی نوێی عێراق
پێک بهێنێت.
ئەمە لە
کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، ٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو،
کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان
کرد.
بەپێی دەستووری
عێراق، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو تەنیا ٣٠ رۆژی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی کابینەی
حکوومەت و وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان. پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق بەردەوام
بەپێی
بنەمای پشکپشکێنە
و رێککەوتنی لایەنە سەرەکییەکان بەڕێوە دەچێت و زۆرجار رووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە.