بەفریش لە کوێستانەکان دەبارێت
01:16 - 11/05/2026
زەمەن - هەواڵ
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچە تا 70 ملم باران ببارێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفر ببارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لە نوێترین شیکارییدا بۆ نەخشەکانی کەشناسی (GFS) بڵاویکردووەتەوە، لە نێوان 15 بۆ 19ی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی بارانبارینی سەروو ئاسایی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، زۆرترین بڕی باران لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک دەبێت، کە بڕەکەی لە نێوان 40 بۆ 70 ملم دەبێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلەکە سەرچاوەکەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەریی ساردە کە سەرەتا کاریگەری لەسەر ئەوروپا دەبێت و دواتر لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ناوچەکە. لەگەڵ گەیشتنی شەپۆلەکەش لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، ئەگەری چالاکبوونی بەهێزی با، خۆڵبارین، دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بارینی بەفر لەسەر چیا بەرزە سنوورییەکان هەیە.
هاوکات ڕوونیشیکردووەتەوە کە هێشتا پێشبینییەکان سەرەتایین و لە دوو بۆ سێ ڕۆژی داهاتوودا گۆڕانکاری و زانیاریی وردتر دەردەکەون.