تەنیا لە سلێمانی نرخی هێلکە وەک خۆی ماوەتەوە
11:23 - 05/05/2026
زەمەن -هەواڵ
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری
سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی عێراق و
هەرێمی کوردستان بەتەنیا لە پارێزگای سلێمانی نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەم جێگیرییە
لە ئەنجامی پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکە و کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بووە،
کە تێیدا داواکراوە قازانجەکانیان کەم بکەنەوە لەپێناو بەرزنەکردنەوەی نرخەکان.
لە بازاڕەکانی
سلێمانی و هەڵەبجە 5 هێلکە بە 1,000 دینارە، لە کاتێکدا لە هەولێر و دهۆک 3 بۆ 4 هێلکە
بە 1,000 دینارە. لە بەغداد و ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نرخەکان گرانترن
و 3 هێلکە بە 1,000 دینار بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت.
بەرزبوونەوەی
نرخەکان بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گرانبوونی نرخی سووتەمەنی کە کێڵگە پەلەوەرییەکان
پشتی پێ دەبەستن. ئەمەش بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و
گاز لە بۆرسەی جیهانیدا دروست بووە. هەرچەندە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گرانبوونی
نرخەکانی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام نرخەکان لە بازاڕەکاندا بە بەرزی ماونەتەوە.