12 جیهان

ئێران: جگە لە جەنگ بژاردەیەكی ترمان نیەو کاتی دانوستان نییە

11:31 - 02/04/2026

زەمەن - هەواڵ 

 

 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بکات و رایدەگەیەنێت، بژاردەیان تەنیا بەردەوامبوونە لە جەنگ و بەرەنگاربوونەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران پەیامێکی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، گەلی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکگرتوون، لەم جەنگە سەپێندراوەشدا جگە لە بەردەوامبوون لە شەڕ هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیشی کردەوە، لەم قۆناغەی جەنگدا دانوستان و ئاگربەست و جارێکی دیکە دووبارەکردنەوەی هەمان پیلان پەسەند ناکەن، چونکە ئەمە نەک هەر تەنیا بۆ ئێران بەڵکوو بۆ تەواوی ناوچەکە کارەساتە.

بەقایی، ئاماژەی بەوە دا، ئەمە جەنگێکی ئاسایی و سادە نییە بەڵکوو تێکەڵەیەکە لە جەنگ و کردەی تیرۆریستی، رێبەر و فەرماندەکانی ئێرانیان لە ماڵەکانیاندا کردە ئامانج، بۆیە ئەمە جەنگێکی نایەکسانە و بەسەر ئێرانییەکاندا سەپێندراوە، لەبەر ئەوە جگە لە بەرەنگاربوونەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە.

ئەم پەیامەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەند کاتژمێرێک دوای گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت پاش ئەوەی رایگەیاند، ئەگەر ئێران بە دانوستان و ئاگربەست رازی نەبێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا تەواوی ژێرخانی وزەی ئێران دەکەنە ئامانج.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن