ئەلمۆنیتەر: ترهمپ بەبێ ئاگاداری ناتانیاهۆ لەگەڵ سێ بەرپرسی باڵای ئێران لە گفتوگۆدایە
04:09 - 28/03/2026
زەمەن_هەواڵ
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سێ بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کردووە، ئەمەش بەبێ هەماهەنگی یان ئاگاداریی پێشوەختەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٦ ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر"ـی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، ترهمپ توانیویەتی خاڵێکی پەیوەندی لەگەڵ ئەو بەرپرسانە بدۆزێتەوە کە لە ئێستادا جڵەوی دەسەڵاتیان لە ئێران بەدەستە، ئەوانیش بریتین لە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، و موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای ئێران.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم سێ کەسە لە ئێستادا کاروباری ئێران بەڕێوە دەبەن، بەڵام هێشتا دوودڵن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی، چونکە ناتوانن هاوشێوەی خومەینی لە ساڵی 1988 بڕیارە قورسەکان بۆ راگرتنی شەڕ بدەن.
لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە ئیسرائیل هەست بە بێهیوایی دەکات، چونکە سەرەڕای توندکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کارگەکانی چەک و کۆگاکانی مووشەکی ئێران، بەڵام واشنتن رێگری کردووە لەوەی ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزەی ئێران بکرێتە ئامانج، تەنانەت ئەمریکا بەڵێنی بە تاران داوە کە تاوەکو 6ـی نیسانی داهاتوو، هیچ هێرشێک نەکرێتە سەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە کە ناتانیاهۆ هیچ زانیارییەکی لەسەر نیازی ترهمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نەبووە، ئاماژە بەوەش کراوە، ژمارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی کۆشکی سپی بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا لە رێگەی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداردا پەیوەندییان بە بەرپرسانی ناوچەکە کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گرتنەبەری دیپلۆماسییەکی نوێ کە تەلئەڤیڤ تێیدا بڕیاردەر نییە.