13 جیهان

بەپەلە.. پلانی ئەمریكا بۆ هێرشی "زەمینی و کورتخایەن" بۆسەر ئێران ئاشکرا دەبێت

04:13 - 30/03/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 لە 30ـەمین رۆژی جەنگی رۆهەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەرەکان لەبارەی ناردنی هێزی زەوینیی ئەمریکا بۆ نێو ئێران زیاد دەبن. تاران، واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی 'لە پشت پەردەوە خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێرشی زەوینی،" لە کاتێکدا ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە کۆنترۆڵکردنی ناوەندە نەوتییەکانی ئێران کارێکی "زۆر ئاسانە.

 واشنتن پۆست و وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاویانکردووەتەوە، واشنتن لەبری کۆنترۆڵی سەربازیی گشتگیر کە تێچوویەکی زۆری مرۆیی و دارایی دەوێت، بیر لە بژاردەی "هێرشی ئامانجدار و خێرا" بۆسەر دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٦، میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دەکرێ ئەم هێرشانە زیاتر ناوچە کەناراوییەکان و دوورگەکان بگرنەوە، بەتایبەت دوورگەکانی ئەبو موسا، تونبی گەورە و بچووک. ئامانجی سەرەکیش لەنێوبردنی ئەو چەکانەیە کە هەڕەشە لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەکەن و لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەمریکا پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە و کەشتیی جەنگیی "تریپڵی" کە ٣٥٠٠ سەربازی مارێنزی هەڵگرتووە، گەیشتووەتە ناوچەکە و گرووپێکی دیکەی مارێنزیش لە رێگەدان.

هاوکات، باس لەوە دەکرێت پێنتاگۆن پلانی هەیە ١٠ هەزار سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات بۆ ئەوەی "لێدانی کۆتایی" لەم شەڕە بوەشێنێت.

جیرۆم پێلیستراندی، شارەزای سەربازی و ژەنەراڵی خانەنشینی فەرەنسی دەڵێت: "ئەمریکا گوشارەکان زیاد دەکات، چونکە هەموو شتێک بەو جۆرە نەرۆیشتووە و ناڕوات کە پلانی بۆ داڕێژرابوو، بۆیە فەرماندەیی ئەمریکا دەیەوێ بژاردەی زیاتری لەبەردەستدا بێت."
یەکێک لە بژاردەکانی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ، ناردنی هێزە تایبەتەکانە بۆ قووڵایی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو.

جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم هۆشداری دەدات کە ئەمە "ئۆپەراسیۆنێکی برووسکەئاسا" نابێت، بەڵکو پێویستی بە کات، ئامێری قورس و دروستکردنی فڕگەی کاتییە بۆ گواستنەوەی مادە ئەتۆمییەکە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی سەربازە ئەمریکییەکان دروست دەکات.

تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە نەداوە، چونکە بە کارێکی پڕ مەترسی بۆ سەر ژیانی سەربازانی وڵاتەکەی دادەنرێ، بەتایبەت کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون.
جێبەجێکردنی ئەم پلانە وا لە ئەمریکا دەکات هێزەکانی لە ژێر تەقە و بۆردوومانی تووندی ئێراندا بگوازێتەوە، جگە لەوەی دەبێت بۆ چەند رۆژێک ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزێ تاوەکو پرۆسەی گەڕان و گواستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی دێت.

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێ، ئەگەر ئێران دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڕەشەکانی هەڵنەگرێ، سەرۆک ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخ بەسەریاندا ببارێنێت."

لە بەرامبەردا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، واشنتنی بە "دووڕوویی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەمریکا لە کاتێکدا باسی دیپلۆماسی دەکات، لە پشت پەردەوە خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێرشی زەوینی.

مایکل ئایزنستات، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن پێی وایە ئەم ئۆپەراسیۆنە زەوینییانە "مەترسیی بێشوماریان" دەبێ و پێشنیاز دەکات ئەمریکا تەنیا مینڕێژکردنی دوورگەی "خارگ" وەک کارتی گوشار دژی ئێران بەکاربهێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن