پەروەردەی سلێمانی ڕێکارەکانی خوێندنی ئۆنلاینی ئاشکرا کرد
09:53 - 30/03/2026
زهمهن - ههواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکارەکانی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاینی لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان بڵاوکردەوە، بەپێی بڕیارەکان، دەبێت مامۆستایان و سەرپەرشتیاران لەڕێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانەوە وانەکان بەردەوام بکەن و هەفتانە فیدباک بدەنە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان.
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژووی نەژاد عەبدوڵڵا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەتی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن، ڕۆژانی سێشەممە دەوام بکەن و سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن، ئەمەش بەمەبەستی ڕاییکردنی ئەرکە کارگێڕیی و فێرکارییەکان و بەدواداچوونی پرۆسەکە دەبێت.
سەبارەت بە پەخشی وانەکان، پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ تەلەفزیۆنی پەروەردەیی، وانەکان تۆمار دەکرێن و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو ڕۆژانە پەخش دەکرێن هاوکات، پێویستە بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی کارەکانی مامۆستایانی خوێندنی حکومی بکەن و چاودێریی ئەرکی ماڵەوەیان بکەن لەڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی وانە) یان ئەو گرووپانەی کە لەلایەن مامۆستایانەوە دانرا.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە، ناوەندە پیشەییەکان دەتوانن ڤیدیۆ تۆمار بکەن و بیدەنە کارگێڕیی خوێندنگەکان بۆ ئەوەی لەڕێگەی گرووپەکانی (واتسئاپ، تێلیگرام، ڤایبەر)ەوە بڵاوی بکەنەوە کە لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانەوە بەکاردەهێنرێن هەروەها، مامۆستایان پابەند کراون کە هەفتانە ئاگاداریی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بکەن بۆ پێدانەوەی فیدباکی خوێندن.