19 کوردستان

بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکرێت

04:19 - 29/03/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 ئەمڕۆ یەکشەممە، دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەستیپێکرد و لەو بارەیەشەوە لەما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک ڕایگەیاند: لقی کۆمپانیاکە و سەنتەرەکانی فرۆشتن لە سەرجەم پارێزگاکاندا لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی بڕین و دابەشکردن، دوای ئەوەی هەموو پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان دابین کراون بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، تاوەکو سەبەتەی خۆراک بگاتە دەستی ئەو کەسانەی شایستەن.

 هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆمپانیاکە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ئامێرەکانی (POS) پەیڕەو کردووە، ئەمەش لە پێناو پتەوکردنی بنەماکانی دەستپاکی و شەفافیەت لە مامەڵە داراییەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵەکان، جگە لە خێراکردنی ڕێکارەکان بە جۆرێک کە لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانی دیجیتاڵیدا بگونجێت.

لەما موسەوی ڕاشیگەیاند کۆمپانیا گشتی بازرگانی خاوەنی عەمبارێکی ستراتیژی پێویستە لە پێکهاتەکانی سەبەتەی خۆراک، کە بە بەردەوامی لەلایەن بەشی کۆنترۆڵی جۆرییەوە پشکنینی وردی تاقیگەیی بۆ دەکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی و کوالێتی ماددەکان پێش ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن