رۆژنامەی نیویۆرک تایمز: رێبەری نوێی ئێران بەهۆی بریندارییەوە دەرناکەوێت
01:14 - 11/03/2026
زەمەن - هەواڵ
رۆژنامەی نیویۆرک
تایمز رایگەیاند، سەرچاوە ئێرانی و ئیسرائیلییەکان ئاشکرای دەکەن، موجتەبا خامنەیی
رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم رۆژی هێرشەکاندا بریندار بووە و تا ئێستا
نەیتوانیوە دەربکەوێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی
رۆژنامەکە، قاچەکانی موجتەبا خامنەیی بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا ئاستی برینەکەی
و بارودۆخی تەندروستی بە تەواوی روون نییە.
ئەمڕۆ 11ی ئاداری
2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا رایدەگەیەنێت، دوای تێپەڕبوونی سێ رۆژ
بەسەر دەستنیشانکردنی وەک جێگرەوەی باوکی، موجتەبا خامنەیی رێبەری نوێی ئێران، نە
لە هیچ ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتووە و نە هیچ پەیامێکی نووسراویشی بڵاوکردووەتەوە. سێ بەرپرسی
ئێرانی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، رایانگەیاندووە کە یەکێک لە هۆکارەکان
بۆ پاراستنی شوێنەکەیەتی، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە رێبەری نوێی ئێران لە
یەکەم رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتدا بریندار بووە.
ئەو بەرپرسانە
ئاماژەیان بەوە کردووە، لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتەوە پێیان گوتراوە کە قاچەکانی
موجتەبا خامنەیی بریندارن، بەڵام هۆشیارە و لە شوێنێکی زۆر پارێزراودایە. هاوکات
دوو بەرپرسی سەربازیی ئیسرائیلیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە زانیارییە هەواڵگرییەکانیان
دەری دەخەن کە موجتەبا خامنەیی لەو هێرشانەدا بریندار بووە.
لە هەمان ئەو هێرشەی
کە لە 28ی شوباتدا کرایە سەر بنکەی رێبەرایەتی لە ناوەندی تاران، عەلی خامنەیی رێبەری
پێشووی ئێران کوژرا. جگە لە ئەو، دایکی موجتەبا خامنەیی، هاوسەرەکەی، کورپەیەکی و
چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەش لە هەمان هێرشدا گیانیان لەدەستدا.
میدیای فەرمیی ئێران
و ئاژانسی "ئیرنا"، لە هەواڵەکانیاندا بە ناونیشانی "رێبەری جانبازی
جەنگ" (برینداری جەنگ) ناوی موجتەبا خامنەیی دەبەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ
برینداربوونی لە هێرشەکاندا لێکدەدرێتەوە.
هەروەها کاتێک لە
کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرسیار لە ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
کرا، ئایا موجتەبا خامنەیی دەستی بە ئەرکەکانی کردووە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؟
ناوبراو وەڵامێکی روونی نەدایەوە و تەنیا گوتی: "ئەوانەی پێویستە پەیامەکەیان
پێ بگات، پێیان گەیشتووە."
موجتەبا خامنەیی
کە تەمەنی 56 ساڵە، هەمیشە وەک کەسایەتییەکی نهێنی ناسراوە و کەمتر لە بۆنە گشتییەکاندا
دەرکەوتووە. ئەو پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە و بۆ ساڵانێکی
زۆر لە پشت پەردەوە کاروباری سەربازی و ئەمنیی نووسینگەی باوکی بەڕێوە بردووە.