کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر: مووشەک و درۆن لە ئاسمانی عێراقن؛ خۆتان حەشار بدەن
10:29 - 28/02/2026
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هۆشدارییەکی
توند بە هاووڵاتییانی دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە دەبێت جوڵەکانیان
سنوردار بکەن و لە شوێنەکانیان نەچنە دەرەوە.
بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی ئێستا هاتووەتە
ئاراوە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئاگاداری خۆیان
بن، چونکە ڕاپۆرتەکان باس لە بوونی مووشەک و درۆن دەکەن لە ئاسمانی عێراقدا و دۆخەکە
بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
هاوکات بڕیاردراوە سەرجەم کارمەندانی
کوسوڵخانەکە کە دەتوانن لە ماڵەوە کار بکەن، تاوەکو کاتێکی نادیار نەچنە سەر کارەکانیان
و بەشی خزمەتگوزاریی ڤیزە و کاروباری هاووڵاتییانیش ڕاگیراوە.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە،
لە ئێستادا ئاسمانی عێراق داخراوە و بەرپرسانی عێراق ڕەنگە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە
بڕیاری کردنەوە یان داخستنی بدەن، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر گەشتە ئاسمانییەکانی
فڕۆکەخانەی هەولێر و بەغداد.
کونسوڵخانەکە جەختی کردووەتەوە کە ئاستی
گەشتکردن بۆ عێراق لەسەر پلەی 4ـە، واتە "گەشت مەکە"، بۆیە هیچ هاووڵاتییەکی
ئەمریکی نابێت بە هەر هۆکارێک بێت گەشت بۆ عێراق بکات.
کونسوڵخانەی ئەمریکا کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ
هاووڵاتییانی خۆی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:
پلانێک دابنێن بۆ ئەوەی لە ماڵەکانتان
دەرنەچن (Shelter in place) و پشت بە حکومەتی
ئەمریکا مەبەستن بۆ گواستنەوەتان.
خۆراک، ئاو و دەرمانی پێویست کۆگا بکەن.
مۆبایلەکانتان شەحن بێت و پەیوەندیتان
لەگەڵ کەسوکارتان هەبێت.
دووربکەونەوە لەو شوێنانەی بیانییەکان
لێی کۆدەبنەوە و خۆتان لە قەرەباڵغی بەدوور بگرن.