18 کوردستان

لە هەولێر ناپاکی هاوسەرگیری، ڕێژەی جیابوونەوەی زۆر زیاد کردووە

03:19 - 23/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 ڕاوێژکارێکی یاسایی ئاشکرایکرد، لەمساڵدا رێژەی جیابوونەوە زیادیکردووە، لە دوو مانگدا، لە کۆی شەش دادگای باری کەسێتیی هەولێر، تەنها لە یەک دانەیان زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون و دادگا پەسەندی کردوون.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦، محەمەد عەبدوڵا، پارێزەر و راوێژکاری یاسایی ڕایگەیاند: لەمساڵدا رێژەی جیابوونەوە و تەڵاق بەراورد بە ساڵەکانی رابردوو زیادیکردووە، لە کۆی 6 دادگای باری کەسێتیی هەولێر، تەنها لە یەک دانەیان زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە لەم دوو مانگەی رابردوودا تۆمارکراون و دادگا پەسەندی کردوون، ئەمە جگە لەوەی دەیان داوای دیکەی جیابوونەوە لە ئێستادا لە دادگاکان لە پرۆسەی یەکلاییکردنەوەدان.

ئاماژەی بەوەشدا، رێژەی هاوسەرگریی لەمساڵدا هەرچەندە بەرزە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمیکردووە، هەروەها رێژەی تەڵاق بەراورد بە هاوسەرگیری زیاترە و بەراورد بە ساڵانی رابردووش رێژەکە بەرزتربووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماری مارەبڕین و جیابوونەوەی هاوسەرانی بۆ ساڵی 2025 لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

بەپێێ ئامارێکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم،  لە ساڵی رابردوودا لە سلێمانی زۆرترین مامەڵەی پرۆسەی پێکهێنانی خێزان و مارەبڕینی هاوسەران تۆمارکراوە کە ٢٥ هەزار و ٦٨٧ مامەڵەیە، هاوکات لە هەولێر ١٩ هەزار و ٦٢٠، لە گەرمیان سێ هەزار و ٦٦ و لە دهۆک ١٢ هەزار و ٩٥٥ مارەبڕین لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

هەر بەپێی ئامارەکە، بەرزترین رێژەی تەڵاقدان و جیابوونەوە لە هەولێر تۆمارکراوە کە حەوت هەزار و ١١٣ حاڵەتە، لە سلێمانی پێنج هەزار و ٣٦٩ حاڵەت، لە کەرکوک و گەرمیان ٩٩٠ حاڵەت و لە دهۆک دوو هەزار و ٣٥٤ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمارکراون.

لەناو چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، تەنها لە سلێمانی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بەراورد بە ساڵی 2024 کەمیکردووە و رێژەی مارەبڕین لە هەر چوار پارێزگاکە زیادیکردووە.

پارێزەر محەمەد عەبدوڵا باسی لەوەکرد، خراپیی دۆخی ئابوریی هاوڵاتییان و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناپاکیی هاوسەریی لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوەی خێزانەکانن لە هەرێمی کوردستان. هەروەها نەگونجان و رۆشنبیریی خێزانی هۆکارێکی دیکەن بۆ جیابوونەوەی خێزانەکان.

جگە لەو هۆکارانە، نەبوونی ماڵی جیا، ژنهێنانی دووەم، ماددەی هۆشـبەر، نەخۆشی، بیروباوەڕی ئایینی، نەگونجان و جیاوازیی تەمەن و زوو بەشوودانی کچان لە دیارترین هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان بوون لە ساڵی رابردوودا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن