11 کوردستان

گەشتی عومرە بەپاس لە 500 دۆلاروە بۆ 1000 دۆلار بەرزبوەوە

02:15 - 03/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، نرخی گەشتی عەمرە بە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی بەرزبووەوە، بە وشکانی دەگاتە نزیکەی هەزار دۆلار بۆ ١٠ رۆژ و بە ئاسمانی هەزار و ٣٠٠ دۆلار.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی سوباتی ٢٠٢٦، کاروان ستوونی ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند: لە رەمەزاندا لە سعودیەش نرخی هۆتێل و خواردن بەرز دەبێتەوە و ئێستا گەشتێکی ئاسایی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە نزیکەی ٥٠٠ دۆلارە بە رێگەی وشکانی و گەشتی ئاسمانی لە ٩٠٠ بۆ هەزار دۆلارە، بەڵام هەردوو نرخەکە بۆ گەشتی مانگی رەمەزان، بەرزبوونەتەوە.

وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشدا، "عومرەکردن لە مانگی رەمەزاندا تایبەتە و موسڵمانان چێژی زیاتری لێ دەبینن، لەو مانگەدا لە هەموو جیهانەوە عومرەکاری زیاتر دەچنە سعودیە و بەهۆیەوە نرخەکان کەمێک بەرز دەبنەوە".

بەوتەی کاروان ستوونی، لە مانگی رەمەزاندا لە سعودیە نرخی پێداویستییەکانی مانەوە لەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە، لەوانە نرخی هۆتێل و خۆراک، ئەوەشی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ زانی.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە ٥٠ هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن