43 کوردستان

هەواڵی خۆش لەبارەی مووچەوە

12:51 - 03/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمیی بە وەزارەتی دارایی ڕاگەیاندووە کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بێ گرفت بەردەوامە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سەرەکیی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک دەبینرێت دوای ڕەوانەکردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی سوباتی ٢٠٢٦، وەزارەتی نەوتی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هیچ کێشەیەکی تەکنیکیی و یاسایی نییە، کە ئەمە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ناردنی تەمویلی مووچە و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش نووسراوی ڕادەستکردنی ١٢٠ ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا کردووە و پێدەچێت ئەمڕۆ بە نەختینە ڕادەستی بانکی ناوەندیی لقی هەولێر بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت، هاوکات تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ لە گەشتەکەی دەگەڕێتەوە و بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات، کە تیایدا ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی لەسەر بودجەی سێ ساڵی ڕابردووی هەرێم دەخوێنرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ١٢٠ ملیار دیارەکە ڕادەستی دارایی عێراق بکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دارایی عێراق مووچەی مانگی یەک ڕەوانەی هەرێم بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن