14 کوردستان

فراکسیۆنی یەکێتی بۆ بەرپرسانی پارتی: ئەگەر پەرۆشی خەڵکی کوردستانن، سەرەتا پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کارابکەنەوە

04:06 - 02/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی چەند بەرپرسێکی پارتی دەداتەوەو دەڵێت: ئەگەر پەرۆشی خەڵکی کوردستانن، سەرەتا پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کارابکەنەوە، دواتر باسی کاراکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بکەن.

دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛
دەفەرموون یەكەم جار پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق كارابكەنەوە، كە لەپشكی ئێوەیە بۆ ئەوەی كێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بكرێت، ئەوجا قسە لەسەر کاراکردنەوەی  پۆستی سەرۆككۆمار بكەن.
دوو سەركردەی پارتی، کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقن، لەگەڵ سەرنووسەری رۆژنامەیەکی رەسمییان، لە كەناڵەکانی حزبەكەیان، دەڵێن: "بۆیە داوای پۆستی سەرۆككۆماری عیراق دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو پۆستە كارا بكەینەوە".
ئێمەش دەڵێین: ئەگەر راستە پەرۆشن بۆ خەڵكی كوردستان، دەفەرموون یەكەم جار پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق كارا بكەنەوە، کە کەسی دووەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە عیراق، بۆ ئەوەی كێشەی مووچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكرێت.
بە واتایەكی دیكە، ئەگەر رۆشنتر بپرسین كەسێك كە (8) ساڵە وەكو جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەبێت و نەیتوانیبێت ئەو پۆستە كارا بكاتەوە و كێشەی مووچە چارەسەر بكات، چۆن دەتوانێت پۆستێكی سیادی باڵاتر كارا بكاتەوەو كاریگەری لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن دروست بكات.
سەرچاوەیەك لە فراکسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان له ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن