هەسەدە: ئەو هێزانەی دیمەشق دوای تەواوبوونی کارەکان حەسەکە جێدەهێڵن
04:29 - 02/02/2026
زەمەن_هەواڵ
وتەبێژی هەسەدە ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێزەی ئاسایشی دیمەشق، كە دێتە حەسەكە دوای تەواوبوونی كارەكانی ناوچەكە جێدەهێڵێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی شوباتی ٢٠٢٦، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆ دوو شەممەوە بە ١٥ ئۆتۆمبێلەوە دەستەیەکی سەرەتایی کە لە ١٠٠ بۆ ١٢٥ ئەندامی حکومەتی کاتیی سووریا پێکهاتووە، دەچنە ناو شاری حەسەکە، ڕۆژی سێ شەممەش گرووپی دووەم بەهەمان قەبارە دەچنە ناو شاری قامیشلۆ، بوونی ئەو هێزانە بە یاوەری ئاسایشی ناوخۆ کە کوردن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت”.
ئاشكراشیكرد، ئەو هێزانەی دەچنە ناو حەسەکە، لە سێ چوار شوێنی دیاریکراو لەناو سەنتەری شاردا جێگیر دەبن، بە یاوەری ئاسایش، هێزە ئەمنییەکانی کورد و ئامادەبوونیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت.
وتەبێژەیەکی هەسەدە باسی لەوەشکرد، ئەرکی ئەو هێزانە سنووردارە بە سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکەکانیان ناوچەکە بەجێدەهێڵن.
وتیشی، “لە شاری حەسەکە سەرەتا بڕیار بوو هاتنە ناوەوەی ئەو هێزانە لە ڕێگەی بازنەی پانۆراما بێت، بەڵام بۆ ئێستا ڕێگاکە گۆڕدراوە بۆ بازنەی غەزەل بە هۆکاری ئەمنی.