12 کوردستان

میدیای یەكێتی: نه‌ناردنی داهاتی نانه‌وتی هه‌رێم بۆ عیراق مووچه‌ی په‌كخستووه‌

04:12 - 03/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 
میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، بەهۆی نەناردنی داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مووچە نەنێردراوە، کە مووچەخۆران 35 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و بایکۆتیش لە بەشێک لە خوێندنگەکان دەستی پێکردووەتەوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی سوباتی ٢٠٢٦، میدیای فەرمی یەکێتی ئاشکرایکرد، ماوەی پێنج رۆژە، حکومەتی عیراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی کردووە و پێویست بوو لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی خۆیدا، مووچەی هەرێمیش بنێرێت، بەڵام بەهۆی نەناردنی داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مووچە نەنێردراوە، کە مووچەخۆران 35 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و بایکۆتیش لە بەشێک لە خوێندنگەکان دەستی پێکردووەتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، رۆژی 29ی12ی2025، دەستی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی 10 کرد و لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی هات،بەڵام سەرباری نەدانی دووموچەی ساڵی رابردوو، هێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی یەک دابەشدەکرێت.

میدیاکە ڕوونی کردووەتەوە، هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی مانگی یەک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پێش ناردنی مووچە، بڕی 120 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، بەڵام هێشتا ئەو بڕە نەنێردراوە و بەهۆیەوە ناردنی مووچە دواکەوتووە.

دەشڵێت: دواکەوتنی مووچە، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر بازاڕ و بەپێی زانیارییەکان بایکۆتی دەوام لە بەشێک لە خوێندنگەکان دەستی پێکردووەتەوە، کە ئەمەش جارێکی دیکە کێشە بۆ پرۆسەی خوێندن دروست دەکاتەوە.

 ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو، موچەی مانگی 11 و 12ی دابەش نەکرد و چارەنوسیان نادیارە، هەروەها ساڵی 2024 یش مووچەی مانگی 12ی دابەش نەکرد، بۆیە ترس لای فەرمانبەران دروست بووە، کە ئەمساڵیش چەند مووچەیەکیان بفەوتێت، بەتایبەت کە رێککەوتنی هەرێم و عیراق تا مانگی ئازار درێژکراوەتەوە و دیار نییە رێککەوتنی داهاتوو چەند دەخایەنێت، بەتایبەت کە هەردوو لا کێشەیان لە داهاتی نانەوتی هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن