کوڕ و کچێکی خەڵکی عەفرین لەلایەن سوپای عەرەبی سوریاوە پارچە پارچە کراون
04:24 - 02/02/2026
زەمەن_هەواڵ
ڕێکخراوی سی پی تی ئاشکرایکرد، چەکدارانی سوپای سوریا، دوو هاووڵاتی مەدەنی یەک خێزان دەکوژن و ئەندامانی جەستەیان لێدەکەنەوە و باوکی کچێک کە تەرمی مناڵەکەی باوجۆرە دەبینێت بە لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت فیشەکتان پێنەبوو کچەکەم بکوژن تا بەوجۆرە بە ئەشکەنجەوە بیکوژن؟
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی شوباتی ٢٠٢٦، کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ڕایگەیاند: لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەمدا، چەکدارانی حکومەتی نوێی سوریا لە شاری ڕەقە، هاووڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی «فەرید ڕەبیع بەکر - تەمەن ١٦ ساڵ» دەکوژن و دوای کوشتنیشی سەری لە لاشەی جیا دەکەنەوە. دواتر تەرمی هاووڵاتییەکە دەگوازنەوە بۆ حەلەب و لەدوای ١١ ڕۆژ، تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی دەکرێتەوە و لە گوندی مەیدانو لە عەفرین دەنێژرێت.
ڕۆژی دواتر و لە ١٩ی کانوونی دووەمدا، پورزایەکی فەرید بە ناوی «ئایە عیزەت سیراج - تەمەن ٢٢ ساڵ» لە ڕەقە دەستگیردەکەن. دوای لێدان و ئەشکەنجەدان ئایە گیان لەدەستدەدات. دواتر دەست و قاچی چەپی ئەو کچە لێدەکەنەوە و بەشێکی جەستەی دەسوتێنن. دوای ئەوەی خێزانی ئایە، وێنەی کچەکەیان بە کوژراوی لە سۆشیاڵ میدیا دەبینن، پەیوەندی بە هێزەکانی حکومەتی نوێی سوریاوە دەکەن و داوای تەرمەکەی دەکەنەوە. باوکی ئایە، بە چەکدارانی حکومەتی سوریا دەڵێت «فیشەکتان پێنەبوو بیکوژن؟ بۆچی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتتان؟ بۆچی پارچە پارچەتان کرد و سوتاندتان؟». بەهۆی ڕەخنەکانیەوە، باوکی ئایە لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمەوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا بێسەر و شوێنە. تەرمی ئایە هێشتا ڕادەستی خانەوادەکەی نەکراوەتەوە و حکومەتی سوریا داوای ($١،٠٠٠)ی ئەمریکی دەکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی.
ئەو خێزانە، خەڵکی حەلەبن و پێشتر ئاوارەی شاری عەفرین بوون، دواتریش بۆ شەهبا و تەبقا و ڕەقە چوار جار ئاوارەبوون.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT لە ڕێگەی وەرگرتنی گووتەی گەواهیدەران، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن، ڕاستاندنی وێنە و ڤیدیۆ، ئەم پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤی پشتڕاستکردۆتەوە و بەڵگاندنی بۆ کردوون.